لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا، دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیارێکی نیو سەدەی ڕابردووی هەڵوەشاندەوە کە لەباربردنی منداڵانی وەکو مافێکی دەستوری چەسپاندبوو. بڕیارە نوێیەکە دەڵێت ویلایەتەکان دەبێت خۆیان بڕیار بدەن ئایا ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدەن یاخود نا.
بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی لەلایەن زۆربەی دادوەرە پارێزگارەکانی دادگای باڵاوە کەمتر لە دوو مانگ دوای ئەوە دێت کە ڕەشنووسی پێشوەختەی بڕیارەکە دزەیکردە سایتێکی هەواڵ و ئەوەش ناڕەزایەتی چالاکوانانی مافی لەباربردنی کۆرپەلەی لە سەراپای ئەمەریکادا لێکەوتەوە.
هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ساڵی 1973 لە دۆسیەی ناسراو بە "ڕۆ دژی وەید" و دۆسیەیەکی جیاواز بە ناوی "پلانی دایک و باوکایەتی بەرامبەر کاسی"، لەباربردنی منداڵ قەدەغە ناکات، کاریگەرییە یاساییەکانی لە زۆر ویلایەتدا کاریگەری دەبێت.
پەیمانگای گوتماچەر، کە گروپێکی توێژینەوەی لایەنگری هەبوونی مافی لەباربردنی منداڵە، پێشبینی دەکات کە 26 ویلایەت لە باشوور و ناوەڕاستی ڕۆژئاوای وڵات، لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵاوە لەباربردنی منداڵ قەدەغە دەکەن. ئەوەش دەتوانێت ملیۆنان ژن ناچار بکات، کە بە دوای لەباربردنی کۆرپەلەدا دەگەڕێن، گەشت بۆ ئەو ویلایەتانە بکەن کە مافی لەباربردنیان تێدا پارێزراوە.
شەش لە دادوەرەکانی دادگای باڵا کە هەموویان لەلایەن سەرۆکە کۆمارییەکانییەوە دەستنیشانکراون دەنگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەدا. دادگای باڵا تەنیا نۆ دادوەری هەیە و هەر کاتێک پێنج دادوەر بڕیارێک بدەن ئەوە جێبەجێ دەکرێت.
دادوەری پارێزگاران ساموێل ئەلیتۆ لە بۆچوونی زۆرینەدا نووسیویەتی "دەستوور هیچ ئاماژەیەک بە لەباربردنی کۆرپەلە ناکات و هیچ مافێکی لەو جۆرە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە هیچ بڕگەیەکی دەستووری پارێزراو نییە، لەوانە پرۆسەی یاسایی هەمواری 14".
هەمواری 14 دەڵێت هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت "هیچ کەسێک بەبێ پرۆسەی یاسایی لە ژیان و ئازادی و موڵک بێبەری بکات."
ئەو بڕگەیە لە دەیەکانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای باڵاوە بانگەشە بۆ کراوە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو مافانەی کە لە دەستووردا بە ڕوونی باس نەکراون وەک مافی هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان. بەڵام ئەلیتۆ ئاماژەی بەوەدا کە "هەر مافێکی لەو جۆرە دەبێت 'ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە مێژوو و نەریتی ئەم میللەتەدا هەبێت."
لە بۆچوونەکەدا هاتووە، پێویستە ویلایەتەکان لەبری دادگای باڵا بڕیار بدەن کە ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ بدەن یان قەدەغە بکەن.
سێ دادوەری لیبراڵی دادگاکە لەوانە جۆن ڕۆبەرتس دژی بڕیارەکە بوون.