Accessibility links

ئۆپۆزیسیۆنی فەرەنسا هەر جۆرە هاوپەیمانییەک لەگەڵ ماکرۆن ڕەتدەکەنەوە


فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە مەترسی دروستبوونی چەقبەستووی سیاسی درێژخایەنی بۆ دروست بوو، دوای ئەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بانگەوازەکەی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن ڕەتکردەوە کە داوای "سازشکردن"ی کردبوو بۆ ئەوەی حوکمڕانیەت لە فەرەنسا نەوەستێت بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە کە براوەیەکی یەکلاکەرەوەی بەرهەم نەهێنا.

ماکرۆن لە وتارێکدا بۆ گەلی فەرەنسا درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە داواکەی پێشکەشکرد. لە دواین هەڵبژاردندا، پارتەکەی ماکرۆن نەیتوانی زۆرینەی رەهان لە پەرلەماندا بهێنێتەوە. ئەمەش پاشەکشەیەک کە هەڕەشەی پەکخستنی توانای ئەو دەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی.

هاوپەیمانی ناوەندگەرایی (centrist) ماکرۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕۆژی یەکشەممەدا بە 44 کەمتری هێنا لەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ هەبوونی زۆرینە. ئەمە لە کاتێکدایە، هاوپەیمانییەکی نوێی چەپ و هاوپەیمانێتییەکی ڕاستڕەوی توند دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێنا.

دۆخەکە پلانەکانی ماکرۆن بۆ چاکسازی لە خولی دووەمیدا، دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆک لە مانگی چوار، خستۆتە ژێر پرسیارەوە، لە نێویاندا ڕێوشوێنێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و مەترسییەکانی لەسەر ئەو ڕۆڵە نێودەوڵەتییەی کە دەیگێڕێت.

دوای سێ ڕۆژ بێدەنگی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ماکرۆن حکومەتی یەکێتی نیشتمانی ڕەتکردەوە بەڵام بە گەشبینییەوە دەرکەوت سەبارەت بە چانسی سازشکردن، تەنانەت هەرچەندە هیچ چارەسەرێکی بەرجەستەشی نەخستە ڕوو.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکردووە هێزە سیاسییەکانی فەرەنسا دەبێت "بە کۆی گشتی فێری حوکمڕانی و یاسادانان بە شێوەیەکی جیاواز بن" بە بنیاتنانی "سازان و زیادکردن و هەموارکردنەوە بەڵام بە شەفافیەکی تەواوەوە، لە پێناو یەکێتی نیشتمانیدا".

ئەو ئاماژەی بە دوو ڕێگەی ئەگەری بۆ پێشەوە کرد یان مامەڵەیەکی فەرمی حکومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی دیکە یان بە "دروستکردنی زۆرینە بە پڕۆژە یاسا" لە پەرلەمان.

'گەڕانەوە بۆ دیوار'

گروپە سەرەکییەکانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن کە خۆیان بە براوە دادەنێن دوای ئەوەی پارتەکەی سەرۆکیان ناڕەحەت کرد، پێدەچوو هیچ مەزاجێکیان نەبێت بۆ یارمەتیدانی ماکرۆن.

جێگری سۆسیالیست، ڤالێری رابۆڵت، کە پارتەکەی بەشێکە لە هاوپەیمانی نوێی چەپی NUPES کە ژمارەی دەنگەکانی سەرسوڕهێنەرانە زیادیکردوە، گوتی: "ماکرۆن ئەو کەسەیە کە پشتی بە دیوارەوەیە نەک ئێمە". مەبەستی لەوەبوو کە ماکرۆن هیچ چارەسەرێکی دیکەی نییە جگە لە سازشکردن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر هەوڵبدات بەبێ زۆرینەی ڕەها پاڵ بە بەرنامەکەیەوە بنێت ئەوا گیردەخوات."
"ئەو بەرپرسیار دەبێت لە پەکخستنی فەرەنسا."

فەرەنسا وڵاتێکی نیمچە سەرۆکایەتییە. سەرۆک لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت و زۆرترین دەسەڵاتی هەیە بەڵام پێویستی بە یارمەتی پەرلەمانە بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاساکان .


سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG