Accessibility links

سەرۆکی تونس دەڵێت لە دەستووری نوێدا ئیسلام ئایینی دەوڵەت نابێت


قەیس سەعید، سەرۆکی تونس، ڕۆژی سێشەممە دووپاتیکردەوە کە ئیسلام نابێتە "ئایینی دەوڵەت" لە دەستووری نوێدا، کە لە ٢٥ی مانگی حەوتدا دەخرێتە بەردەم گشتپرسی.

سەعید، لە فڕۆكەخانەی تونس بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "بە ویستی خوا، لە دەستووری داهاتوو بۆ تونس باسی دەوڵەتێك ناكەین كە ئایینەكەی ئیسلام بێت، بەڵكو باس لە میللەتێك دەكەین كە ئایینەكەی ئیسلام بێت، میللەتەكەش جیاوازە لە وڵاتی تونس."

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سەرۆكی تونس ڕەشنووسی دەستووری نوێی پێگەیشت، كە دەبێت پێش ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە پەسەندی بکات.

لە بەشی یەکەمی بنەما گشتییەکانی دەستووری ساڵی 2014 دا هاتووە، “تونس دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە، ئیسلام ئایینەکەیەتی، عەرەبی زمانیەتی، کۆماریش سیستەمەکەیەتی."

بڕیارە دەستووری نوێ جێگەی دەستووری ساڵی 2014 بگرێتەوە کە سیستەمێکی تێکەڵاوی دامەزراند کە سەرچاوەی ناکۆکی بەردەوامی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بوو.

ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ سەعید تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هەوڵی تێپەڕاندنی دەقێک دەدات کە لەگەڵ خواستەکانیدا بگونجێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سروشتی سیستەمی حکومەت کە بە دەستووری نوێ پەسەند بکرێت، سەرۆکی تونس گوتی "بابەتەکە سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی نییە، گرنگ ئەوەیە سەروەری بۆ خەڵکە."

XS
SM
MD
LG