گروپێکی توندڕەوی ئیسلامی بێچەک ڕۆژی سێشەممە هێرشیان کردە سەر دانیشتنێکی یۆگای گشتی لە ماڵدیڤز کە هیندستان پشتیوانی لێدەکا، پۆلیسی ئەو دوورگە گەشتیارییەی باشووری ئاسیا گازی فرمێسکڕێژیان دژی گروپە توندڕەوەکە بەکارهێنا.
دەیان کەس کە ئاڵای سپییان بە دەستەوە بوو دروشمی ئاینیان دەگووتەوە کاتێک لە یاریگایەکی تۆپی پێی شاری مەیلی پایتەختدا گروپێک کەسیان وەدەرنا کە بۆخۆیان خەریکی یۆگاکردن بوون لە هۆڵێکی وەرزشی دانیشتبوون بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی نێودەوڵەتی یۆگا.
پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی دایەوە و شەش کەسی دەستگیرکرد دوای ئەوەی گروپە توندڕەوەکە ئەو تابلۆیانەیان شکاند کە ڕیکلامی بۆ چالاکییەکە دەکرد، کە لەلایەن وەزارەتی وەرزش و سەنتەری ڕۆشنبیری ناوخۆیی هیندستانەوە ڕێکخرابوو.
میدیا ناوخۆییەکان دەڵێن ئەو گروپە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کرداری مێدیتەیشنی یۆگا دژی بنەماکانی ئیسلامە.
ئیبراهیم محەممەد سۆلیح، سەرۆکی ماڵدیڤز ڕایگەیاند، هێرشەکە جێگەی نیگەرانییەکی جدییە، ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، "ئەوانەی بەرپرسیارن بە خێرایی دەبرێنە بەردەم یاسا".
ڕادیکاڵبوون نیگەرانییەکی سەرەکی بووە بۆ هێزە ئاسایشییەکان لە ماڵدیڤ، کە وڵاتێکی دوورگەکانی موسڵمانی سوننەیە لە باشووری ڕۆژئاوای هیندستان کە زیاتر بە هاوینەهەوارێکی دڵڕفێن بۆ گەشتیاران ناسراوە.
ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتداران "تووندڕەوە ئایینیەکان"یان بە هەوڵی تیرۆرکردنی محەمەد نەشید، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە تۆمەتبارکرد.
حکومەت دەستیکردووە بە سەرکوتکردنی توندڕەوی ئایینی. پۆلیس لە 2019 گومانلێکراوێکی دەستگیرکرد کە کاری کۆکردنەوەی ئەندام بوو بۆ داعش. ماڵدیڤ ڕێگە نادات مەلا و بانگخوازی بیانی سەردانی وڵاتەکە بکەن.
سەرچاوە: فرانس پرێس