میدیاکانی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڤیدیۆی دوو کەسی بڵاوکردەوە کە دەڵێت ئەمەریکایین و لە کاتی شەڕدا لە ئۆکرانیا دەستگیرکراون.
ڕۆژنامەی ئیزڤێستیا لە ڕێی ماڵپەرەکەیانەوە ڤیدیۆ کلیپێکیان بڵاوکردۆتەوە و دەڵێن چاوپێکەوتنێکی کورتە لەگەڵ ئاندی هۆینی تەمەن 27 ساڵ کە خەڵکی شاری هارتسێلی ویلایەتی ئەلابامایە.
کەناڵی RT وێنەی پیاوێکی بڵاوکردۆتەوە کە ناوی ئەلێکساندەر درۆکی تەمەن 39 ساڵە و خەڵکی شاری توسکالۆسایە لە ویلایەتی ئەلاباما.
ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دووکەسە ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاندبوو کە ئەو دوو هاوڵاتییە ماوەی هەفتەیەکە لە ئۆکرانیا بێسەروشوێنن و ڕایانگەیاند کە ترسیان هەیە بە دیل گیرابن.
لە ڤیدیۆیەکی جیاوازی شەش چرکەییدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، پیاوێکی ڕیشدار بە شێوازە زاری ئەمەریکی بە کامێرایەکەوە قسە دەکات و دەڵێت "ناوم ئەلێکساندەر درۆکە، من دژی جەنگم". بە زمانی ڕووسی "من دژی جەنگم" دووبارەی دەکاتەوە.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەی دوو چرکەیشدا، ئەو پیاوەی کە بڵاوکراوەی ئیزڤێستیای ڕوسی بە ناوی هۆین ناساندویەتی، بە زمانی ڕووسی دەڵێت "من دژی جەنگم".
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەستبەجێ وەڵامی هیچ داوایەکی بۆ لێدوان لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە نەدایەوە.
هاوکات جۆن کێربی گوتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "ئەگەر ڕاپۆرتەکان ڕاست بن، ئەمەریکا هەر شتێکی لە توانادا بێت بۆ ئازادکردنیان دەیکات."
سەرچاوە: ڕۆیتەرز