Accessibility links

دوو هاووڵاتی ئەمەریکی بێسەروشوێنن و ترسی ئەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستگیرکرابن


ئەندامانی خێزانی دوو هاوڵاتی ئەمەریکی کە وەک شەڕکەری خۆبەخش دژی هێزەکانی ڕووسیا گەشتیان بۆ ئۆکرانیا کردووە ڕایگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە بێسەروشوێنن و ترسیان هەیە لەوەی دەستگیرکرابن.

ئەلێکساندەر درۆکی تەمەن 39 ساڵ خەڵکی شاری توسکالوسایە لە ویلایەتی ئەلاباما و ئەندی هوین تەمەن 27 ساڵە و خەڵکی شاری هارتسێلی ویلایەتی ئەلابامایە، دوایەمین پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە 8 ی مانگی 6 دا بووە و لە ئەرکێکی لەشکریدا بوون لە دەوروبەری ناوچەی خارکیڤ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و نەگەڕاونەتەوە.

خێزانەکانیان و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو کەسە لەلایەن ڕووسیاوە بە دیل گیرابن، پشتڕاست نەکراوەتەوە.

جۆی بلاک دەزگیرانی ئاندیە بە تەلەفۆن گوتی "ئەوەی ئێمە لەم خاڵەدا بە فەرمی لە وەزارەتی دەرەوە دەیزانین ئەوەیە کە ئاندی و ئەلێکس بێسەروشوێنن."

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئێمە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکمان نییە بۆ هیچ شتێک لەوە زیاتر. دیارە تا گەڕانەکە زۆر بخایەنێت زیاتر چاوەڕوانی سیناریۆی دیکە دەکەین".

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند "ئەمەریکا پەیوەندی بە ڕووسیاوە نەکردووە سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی خۆبەخشەکانی ئەمەریکا."

ئاژانسی هەواڵی RIA لە زاری زاخارۆفەوە بڵاویکردۆتەوە کە دەڵێت "من ئەو زانیاریانەم نییە، هەموو ڕۆژێک پشکنین دەکەم، ئەمڕۆش پشکنین دەکەمەوە و ئێمە هەموو زانیارییەک لە بارەی چارەنووسی بە کرێگیراوە دەستبەسەرکراوەکان یان ئەوانەی سزای دادگاییکردنیان بەسەردا سەپێندراوە ئاشکرای دەکەین."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەستبەجێ وەڵامی لێدوانەکانی نەدایەوە.

ئەگەر ئەو دوو کەسە دەستگیرکرابن، ئەوا ئەوان دەبنە یەکەم هاوڵاتی ئەمەریکی کە وەک دیلی جەنگ دەستگیرکراون هەر لەو سەروەختەوەی کە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی داگیرکردنی دراوسێکەی دا و جەنگی ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی 2ەوە دەستیپێکرد.

جۆن کێربی گوتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "ئەگەر ڕاپۆرتەکان ڕاست بن، ئەمەریکا هەر شتێکی لە توانادا بێت دەیکات بۆ ئازادکردنیان."

هەفتەی ڕابردوو دوو هاوڵاتی بەریتانی و مەغریبییەک دوای ئەوەی لە شەڕێکدا لە ئۆکرانیا دەستگیرکرابوون لەلایەن دادگای جوداخوازەکانی هاوپشتیوانی ڕووسیا لە کۆماری گەلی دۆنێتسک کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانەنراوە، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG