Accessibility links

یۆنان دەیەوێت دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا بەکراوەیی بهێڵێتەوە


کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دەیەوێت کەناڵێکی کراوەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا بهێڵێتەوە سەرەڕای ئەو مشتومڕە توندانەی کە گرژیەکانی نێوان هەردوو دراوسێکەی زیاتر کردووە.

ئەو دوو ئەندامەی ناتۆ، لەسەر کۆمەڵێک پرس ناکۆکن هەر لە سنووری دەریایی و ئاسمانیەوە تا سەرچاوەی ئەگەری وزە لە دەریای ناوەڕاست و پرسی قوبرس کە لە ڕووی نەتەوەییەوە دابەشکراوە.

لەم دواییانەدا گرژییەکان سەریان هەڵدایەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند پێویستە یۆنان پڕچەککردنی دوورگەکان لە دەریای ئیجە ڕابگرێت کە پێویستە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێگەی داماڵینی سەربازی هەبێت. یۆنان قسەکانی تورکیا بە بێ بنەما ناوبردووە.

میتسۆتاکیس، کە لە قوبرس قسەی دەکرد، گوتی یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی وڵاتەکەی دەکەن.

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نیکۆس ئاناستاسیادێس سەرۆکی قوبرس لە نیکۆسیا ڕایگەیاند "هەر وتارێک کە لە یاساکانی هەڵسەوکەت باشی دیپلۆماسی لابدات پشتگوێی دەخەین."

میتسۆتاکیس گوتیشی "پێموایە ئەم ڕێبازە دروستە و بەخێرایی دەگەڕێینەوە بۆ ئاوە ئارامەکان. هەمیشە کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بە کراوەیی دەهێڵینەوە. ئەوە بۆچوونی منە و هەمیشە ئەوە بووە کە تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا نابێت هەرگیز دەرگا لە یەکتر دابخەین."

ئەردۆغان گفتوگۆکانی ڕاوەستاندبوو بەهۆی ئەو پێشێلکارییە ئاسمانی و پشتگوێخستنە هەستپێکراوەی میتسۆتاکیس، کە بە هەوڵی ڕێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16 بە تورکیا تۆمەتباری کردووە، کاتێک سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە مانگی 5 ی ڕابردوودا سەردانی واشنتۆنی کرد.

ئەردۆغان دوای نوێژی هەینی لە ئەستەنبوڵ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان گوتی "ئێمە گوتمان جارێکی تر لەگەڵیان کۆنابینەوە تا ئەو کاتەی سیاسەتمەدارێکی ڕاستگۆ لەبەردەممدا نەبێت."

گوتیشی "ناتوانرێت وەڵامێکی ڕوونتر و کراوەتر لەمە هەبێت. بۆیە یۆنان دەتوانێت لەمەودوا ئاگاداری خۆی بێت".

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG