Accessibility links

ئێران دەڵێت عێراق بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری قەرزی غازی داوەتەوە


ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری لە عێراق وەرگرتووە بۆ یەکلاکردنەوەی بەشێک لەو قەرزانەی کە لە ساڵی 2020ەوە لەو وڵاتەی دراوسێی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی غاز.

جەواد عوجی، وەزیری نەوتی ئێران، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی سانای ئێرانەوە گوتی، "دوای چەند مانگێک لە دانوستان، یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری قەرەکەمان لە عێراقەوە بۆ هاتەوە کە بۆ هەناردەی غاز بوو".

بڕیاربوو پێش دەستپێکردنی مانگی حوزەیران بەغدا ئەو بڕە پارەیە بداتە تاران.

مێژووی قەرزەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020، بەڵام دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا، پارەدانەوەکە وەستا.

تاران چەندین جار دابینکردنی غازی بڕیوە تا بەغدا ناچار بکات قەرزەکانی بداتەوە، کە بەپێی وتەی ئاژانسی سانا لە مانگی نۆی ئەمساڵدا بڕی پێنج ملیار دۆلار بووە.

سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوت و غازە، بەڵام هێشتا پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆی.

ئێران یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی غاز و کارەبای عێراق دابین دەکات.

XS
SM
MD
LG