دەسەڵاتدارانی خۆجێی ئیتاڵیا دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی هەلیکۆپتەرێک لە مەوداکانی رادار، رایانگەیاند رزگارکەران تەرمی حەوت کەسیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەلیکۆپتەرەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری لوکا لە توسکانی بەرەو شاری ترێڤیسۆی باکووری وڵاتەکە بەڕێکەوتبوو، لەو کاتەدا کە کەشوهەوای ناوچەکە ڕووی لە خراپبوون کردووە لە ناوچەیەکی چۆڵدا ونبووە.
لە ڕاگیەنەندراوەکەدا هاتووە کە هەلیکۆپتەرەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی لە سنووری نێوان توسکانی و ناوچەی ئیمیلیا ڕۆمانیا دۆزرایەوە.
نوسینگەی پارێزگاکە لە شاری مۆدینا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە رزگارکەران ئەو حەوت سەرنشینەی هەلیکۆپتەرەکەیان بە کوژراوی دۆزیوەتەوە کە چواریان خەڵکی تورکیان و دووانیان بەڕەگەز لوبنانین کە لە گەشتێکی بازرگانیدا بوون بۆ ئیتاڵیا. هەروەها فڕۆکەوانەکەش ئیتاڵییە".
فریاگوزارێک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تویتەرەکەی هێزی ئاسمانی ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "هاوکارانمان شوێنەکەیان بۆ دیاریکردووین و چووین بۆ شوێنەکە و بینیمان هەموو شتێک سووتاوە. کۆپتەرەکە لە بنەڕەتدا کەوتبووە ناو دۆڵێکەوە لە نزیک چەمێکدا".
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز