Accessibility links

موسڵمانانی هیندستان دژی گوتاری سیاسی لەسەر پێغەمبەر موحەمەد خۆپیشاندان دەکەن


پۆلیسی هیندستان ڕۆژی هەینی ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی گەورە بووەوە کە خەڵکی لانیکەم دوو شاری هیندستان بەردیان دەهاوێشت وەکو نارەزایەتی دەربڕین دژی ئەو لێدوانانەی دوو ئەندامی پێشووی پارتی دەسەڵاتدار لە سەر پێغەمبەر موحەمەد کردبوویان.

دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای ئەم مانگەدا دوو بەرپرسی پارتی بەھاراتیا جاناتا (BJP) لێدوانیان لەسەر ژیانی تایبەتی پێغەمبەر موحەمەد دا، حکومەتی سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی ڕووبەڕووی کاردانەوەی موسڵمانانی ناوخۆ و دەرەوە بووەتەوە، لە نێویاندا ژمارەیەک وڵاتی کەنداو.

یەکێک لەو بەرپرسانە، گوتەبێژ نوپور شارمایە کە لە کارەکەی هەڵپەسێردراوە. بەرپرسەکەی دیکەش لە لایەن پارتەکەیەوە دەرکراوە.

ئەم خۆپیشاندانانە دەریدەخەن دەرکردنی ئەو بەرپرسانە پێناچێت توڕەیی خەڵکی دامرکاندبێتەوە. هەندێک لە موسڵمانان، کە کەمینەن لە هیندستان، هەست بە زیادبوونی فشار دەکەن لە ژێر دەسەڵاتی پارتی ناسیۆنالیستی هیندۆسی BJP دا کە دێتە سەر پرسەکانی ئازادی پەرستن و پۆشینی لەچک (حیجاب).

لە شاری پرایاگراجی ویلایەتی ئۆتار پرادێشی وڵاتەکە، پۆلیسی کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندان بە قەڵغانەوە گازی فرمێسک ڕێژیان دژی خۆپیشاندەرانی ڕۆژی هەینی بەکارهێنا. ڤیدیۆی ڕۆیتەرز دەریدەخات ئەو شەقامەی خۆپیشاندانەکەی تێدابووە پڕە لە بەرد و خشتی شکاو.

پراشانت کومار، بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی ئۆتار پرادێش ڕایگەیاند، بە گشتی 109 کەس لە قەزا جیاوازەکانی ئۆتار پرادێشەوە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون بە تۆمەتی هەبوونی ڕۆڵ لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی دا.

ئەنیس گوپتا، بەرپرسی باڵای پۆلیس لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت، لە ڕانچی پایتەختی ویلایەتی جهارخاند، خۆپیشاندەران بەردیان لە پۆلیس گرتووە و بەشێک لە ئەفسەرەکانیان بریندار کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

لە شار و شارۆچکەکانی دیکەش خۆپیشاندانەکان توندوتیژیان لێنەکەوتۆتەوە.
لە ناوچەی کشمیر، کە زۆرینەی موسڵمانە، گروپی بچووک لە چەندین شوێن گردبوونەوە و دروشمیان دژی پارتی حوکمڕان بەرزکردبووەوە.

بەرپرسێکی پۆلیس دەڵێت دەسەڵاتداران هێڵی ئینتەرنێتی مۆبایلیان لە کشمیر بڕیوە بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری هەر توندوتیژییەک لەو ناوچە جێناکۆکەی نێوان پاکستان و هندستان.

لە شاری ئەحمەدئاباد، کە شارێکی سەرەکییە لە ویلایەتی گوجاراتی زێدی سەرۆک وەزیران مودی، خۆپیشاندەران کە منداڵیان تێدابوو، رێپێوانیان دەکرد و پۆستەری ئەو دوو بەرپرسەی BJP یان بەدەستەوە بوو و داوای دەستگیرکردنی نوپور شارمایان لە پۆلیس کرد.

محەممەد جابری خۆپیشاندەر وتی، "تا ئێستا هیچ کردارێکی توند دژی نوپور شارما نەگیراوەتە بەر. پێویستە بە زووترین کات دەستگیر بکرێت".

شارما ئامادە نەبوو بۆ لێدوان، بەڵام ئەم خانمە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە بە نیازی ئازاردانی هەستی ئایینی کەس نییە.

پۆلیسی نیودەلهی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، سکاڵایان لەسەر شارما و کەسانی دیکە تۆمارکردووە بەهۆی هاندانی خەڵکەوە لە لە سۆشیال میدیا بۆ دروستکردنی "دووبەرەکی."

پارتی BJP ڕێنمایی بە بەرپرسانی کردووە کە "لە ڕادەبەدەر وریا بن" کاتێک لە پلاتفۆرمە گشتیەکانەوە باس لە ئایین دەکەن و ڕایگەیاندووە کە هانی سووکایەتی کردن دژی هیچ مەزهەب و ئایینێک نەدەن.

XS
SM
MD
LG