Accessibility links

رێکخراوێکی مافی رۆژنامەنووسان لە ئەمەریکا سەرکۆنەی هەنگاوێکی عێراق دژی دوو رۆژنامەنووس دەکات 


کۆمیتەی داکۆکیکردن رۆژنامەنوسان (CPJ)، کە بنکەکەی لە شاری نیویۆرکە، رۆژی چوارشەممە داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقکرد واز لە "هەراسانکردنی یاسایی" هەردوو رۆژنامەنووس سەرمەد ئەلتائی و سەعدون دەمەد بهێنن و رێگەیانپێبدەن بە ئازادی و سەلامەتی کارەکانیان بکەن.

لە 1 ی شەش، دەمەد، پێشکەشکاری بەرنامەی "ئەلموعاید" لە کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی عێراقییە، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەلتائی، کە نووسەرێکی ئازادە، ئەنجامدا. لەو دیدارەدا، ئەلتائی ڕەخنە لە سیستەمی دادوەری عێراق و سەرکردایەتی ئێران گرت.

بەپێی راپۆرتی میدیاکان، لە 2ی شەش، دادگای کەرخ لە بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی ئەلتائی دەرکرد لەسەر لێدوانەکانی.

سێشەممە 7ی شەش، ئەلتائی لە شاری هەولێرەوە بە CPJ-ی راگەیاند، تا ئێستا ئازادەو بڕوای وایە دەسەڵاتدارانی لۆکاڵی هەرێمی کوردستان پابەندی فەرمانی دەستگیرکردنەکە نابن.

لە بەیاننامەیەکدا رۆژی سێشەممەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند، ئەو رۆژنامەنووسانە، بێ ئەوەی ناویان بهێێت، بەپێی مادەکانی 226 و 229 لە یاسای سزادان تۆمەتبارن بە سووکایەتیکردن بەدادگاکان. ئەگەر تۆمەتبار بکرێن و بەپێی ماددەی 226 سزا بدرێن، ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکرێت غەرامە بکرێن و تا حەوت ساڵ زیندانی بکرێن؛ مادەی 229 سزای غەرامە و سزای زیندانی تا 3 ساڵ لەخۆدەگرێت.

شەریف مەنسور، ڕێکخەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای CPJ لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، گوتی، “دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق یەکسەر واز لە هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان سەرمەد ئەلتائی و سەعدون دەمەد بهێنن. ڕۆژنامەنوسان نابێت بەهۆی بۆچوونی سیاسییەوە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و تۆمەتی تاوانکاری ببنەوە."

ئەلتائی سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی ئەلعالەمە. ئێستاش بەشداری لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر و دەزگا میدیاییەکانی دیکە دەکات، وتی، "ڕەخنەیەکی زۆر دەگرم، بەتایبەت لە سوپای پاسداران."

بەپێی وتەی ئەلتائی و کارمەندێکی کەناڵەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت قسەی بۆ CPJ کردووە، دوای ماوەیەکی کەم لە وتەکانی ئەلتائی، کەناڵی عێراقییە بەرنامەی "ئەلموعایەد"ی راگرت.

تۆڕی میدیایی عێراق كه‌ کەناڵی عێراقییە له‌خۆ ده‌گرێت، دواتر به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و داوای لێبوردنی کرد بۆ قسەکانی یەکێک لە میوانەکانی عێراقییە.

دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، جەماوەرێکی چەکدار گەمارۆی ئۆفیسی عێراقیایان لە بەغدا داوە و زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تویتەر کە لایەنگری ئێرانن داوای ئەوە دەکەن ئەلتائی و دامەد "سزا بدرێن" و دەستگیربکرێن، بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان و تویتەکان کە لەلایەن CPJ پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.

XS
SM
MD
LG