Accessibility links

ئەندامێکی مسوڵمانی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت دەبێت ڕق و کینە دژ بە هاوڕەگەزخوازان بوەستێت


ئیلهان عومەر سیاسەتمەداری بەناوبانگی مسوڵمان و ئەندام لە کۆنگرێسی ئەمەریکا نوێنەری ویلایەتی مینیسۆتا ڕایگەیاند کاردەکات بۆ بنبڕکردنی رق و کینە دژ بە هاوڕەگەزخوازان و ئەندامانی تری کۆمەڵەی LGBTQ لە ئەمەریکا.

ئیلهان عومەر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی مانگی شانازیتان لێدەکەم. ئێمە لە خەباتکردن ناوەستین هەتاوەکو هەموو کۆمەڵەی LGBTQ+ لە ئەمەریکا دەتوانن ئازادبن لە جیاکاری."

"مانگی شانازی" لە ئەمەریکا دەکەوێتە مانگی شەشی هەرساڵێک بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی خەباتی هاوڕەگەزخوازان بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا.

ئیلهان عومەر یەکێکە لە دوو ئەندامە ناسراوە مسوڵمانەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەر بە پارتی دیموکراتەکان. ئەو لە ساڵی 1982 لە خێزانێکی مسوڵمانی سونە ئاینزا لە وڵاتی سۆماڵ لەدایکبووە و ساڵی 1995 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیکردووە بۆ ئەمەریکا.

لە ناوخۆی ئەمەریکادا ئەو یەکێکە لەو سیاسەتمەدارە ناسراوانەی کە بەردەوام داوای بنبڕکردنی ڕەگەزپەرستی دژ بە مسوڵمانان دەکات.

لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەوە ناسراوە کە بەردەوام ڕەخنەی توند دەگرێت لە کردارەکانی ئیسڕائیل بەرامبەر بە ناوچە فەڵەستینەیکان و پشتگیری بایکۆت و ئابڵوقەی ئابوری دەکات دژ بە ئیسڕائیل. بەهۆی لێدوانەکانی دژ بە سیاسەتەکانی ئیسڕائیل، کاربەدەستانی ئەو وڵاتە ساڵی 2019 قەدەغەی گەشتکردنی ئەویان ڕاگەیاند بۆ ئیسڕائیل.

ئیلهان عومەر داکۆکی لە مافی هاوڕەگەزخوازان دەکات و ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت کە گوایە نەیتوانیوە یەکسانی تەواویان بۆ دابینبکات سەڕەڕای ئەوەی کە ساڵی 2015 دادگای باڵای ئەمەریکا بە فەرمی مافی هاوسەرگیری پێدان.

ئیلهان عومەر لە ماڵپەڕی خۆی نوسیویەتی، "من لە کۆنگرێسی ئەمەریکا تێدەکۆشم بۆ ئەوەی دەنگی کۆمەڵەی LGBTQIA+ بەرزبکەمەوە ...تێدەکۆشم بۆ ئەوەی پەتای گێچەڵکردن و توندوتیژی دژ بە هاوڕەگەزخوازە گەنجەکان کۆتاییپێبێت."

ساڵی 2019 کاتێک کە کاربەدەستانی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا قەدەغەی چالاکیەکانی ڕێکخراوێکی هاوڕەگەزخوازانی فەڵەستینیان کرد بەناوی ڕێکخراوی ئەل قەوس، ئیلهان عومەر ناڕەزایی دەربڕی و ڕایگەیاند "مافەکانی هاوڕەگەزخوازان بریتین لە مافی مرۆڤ و پێویستە ئێمە ئیدانەی هەر هەوڵێک بکەین بۆ تەسککردنەوەیان."

XS
SM
MD
LG