Accessibility links

مەزڵوم کۆبانی: پێویستە سوپای سوریا هێزی بەرگری ئاسمانی لە دژی لەشکرکێشی تورکیا بەکاربهێنێت


فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن لەگەڵ سەربازانی حکومەتی سوریا هەماهەنگی دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە لەشکرکێشییەکی تورکیا بۆ باکووری سوریا. هەروەها گوتیشی پێویستە دیمەشق سیستەمی بەرگری ئاسمانی خۆی لە دژی فڕۆکەکانی تورکیا بەکاربهێنێت.

ئەنکەرە سوورە لەسەر ئەوەی جارێکیتر هێرش بکاتە سەر بەشێک لە باکووری سوریا کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، کە هاوپەیمانییەکە بە سەرۆکایەتیی کورد و لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردەوە (یەپەگە) سەرپەرشتی دەکرێت.

هه‌ڕه‌شه‌ نوێیه‌كانی تورکیا تۆڕی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه‌كانی باكووری سوریای کردوەتە جێگای سەرنج، له‌ كاتێكدا توركیا یه‌په‌گه‌ به‌ ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌زانێت، هێزه‌ كورده‌كانی سوریا له‌ لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوویا و روسیای هاوپه‌یمانی هه‌ماهه‌نگییان هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە مەزڵوم کۆبانی بەرپرسی هەسەدە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان "کراوەن" بۆ کارکردن لەگەڵ سەربازانی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا، بەڵام گوتی پێویست بە ناردنی هێزی زیاتر ناکات.

کۆبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراو لە باکووری سوویا گوتی کارێکی سەرەکی کە سوپای سوریا بۆ بەرگری لە خاکی وڵاتەکەی دەتوانێت بیکات، بەکارهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە دژی فڕۆکەکانی تورکیایە.

سوریا تورکیا وەک هێزێکی داگیرکەر لە باکوری خۆی دەبینێت، و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دیمەشق مانگی رابردوو رایگەیاندبوو هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بە "تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" دەزانێت.

تورکیا پشتیوانی لە چەکدارانی دژ بە سوریا دەکات لە پێکدادانەکانیدا لە دژی هێزەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سوریا و هێزەکانی هەسەدە و فڕۆکە جەنگییەکانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە بۆ بەئامانجکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدەدان، ئەو ناوچانانەی کە دەسەڵاتدارانی کوردی سوریا سیستمێکی حوکمڕانی جیا لە دیمەشقیان تێیدا دامەرزاندوە.

مەزڵوم عەبدی گوتی هەماهەنگی زیاتری سەربازی لەگەڵ دیمەشق هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتە نیمچە سەربەخۆکەمان دروست ناکات، و گوتیشی ئەولەویەتی ئێمە بەرگریکردنە لە خاکی سوریا و نابێت کەس بیر لەوە بکاتەوە کە سوود لەو دۆخە وەربگرێت بۆ دەستکەوتی خۆی.

تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەڵێنی دەستبەسەرداگرتنی شارۆچكەكانی تەل رەفعەت و مەنبج لە پارێزگای حەلەب لە باكوری سوریای داوە، كە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان.

کۆبانی ئاماژەی بەوەشكرد هێرشی نوێی تورکیا نزیكەی یەك ملیۆن كەس ئاوارە دەكات و ناوچەکان ناسەقامگیرتر دەکات.

ئەو هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە ئەو هێرشە هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا لە بەشێک لە خاکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دووریان خستوەنەتەوە.

چەكدارانی هەسەدە پارێزگاری لەو كەمپ و زیندانانە دەكەن كە چەكدارانی داعش و خێزانەكانی سەر بە داعش تیایدا دەستبەسەرن، و دووبارە بڵاوكردنەوەی ئەو پاسەوانانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توركیا لەوانەیە بۆشایی ئەمنی دروست بکات، و ببێتە هۆی ئەوەی چەکدارانی داعش لە زیندانەکاندا هەڵبێن.

مەزڵوم کۆبانی گوتی ئێمە ناتوانین هاوکات لە دوو بەرەدا شەڕ بکەین، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هیوادارە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و تورکیا ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان. بەڵام گوتی هەر جۆرە چارەسەرێک بۆ دانوستان دەبێت ڕاگرتنی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە باکووری سوریا لەخۆ بگرێت و گوتیشی ئەمە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان دەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر سنورەکان بەرپادەکات دژی چەكدارانی کورد لە سوریا بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر.

XS
SM
MD
LG