Accessibility links

ئەمەریکا و کۆریای باشوور مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشی دەگمەن ئەنجام دەدەن


سوپای سیئۆل ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە کۆریای باشوور و ئەمەریکا لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵدا یەکەم مانۆڕی سەربازی هاوبەشی خۆیان ئەنجامدا کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی تێدا بەشداربوو، لە کاتێکدا کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور ڕایگەیاند کە مەشقەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دوورگەی ئۆکیناوای ژاپۆن تا ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوون، کە بریتین لە ئۆپەراسیۆنی بەرگری ئاسمانی، دژە کەشتی، دژە ژێردەریایی و ئۆپەراسیۆنی قەدەغەکردنی دەریایی.

ئەم مانۆڕانە لە کاتێکدا دێن کە کۆریای باکوور خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، بەرپرسانی سیئۆل ڕایانگەیاندووە کە پیۆنگ یانگ چەندین تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە وەک ئامادەکارییەک بۆ حەوتەمین تەقینەوەی ژێر دەریایی.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەی یو ئێس ئێس ڕۆناڵد ڕیگان کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمییە و کێشی 100 هەزار تۆنە، بەشداری لە مەشقەکاندا کردووە، شانبەشانی کەشتی کروزەری موشەکی ڕێنماییکراوی یو ئێس ئێس ئەنتیتام.

هەروەها کۆریای باشوور کەشتی نیشتنەوەی دوورخراوی مارادۆ کە کێشی ١٤ هەزار و ٥٠٠ تۆنە، وێرانکەری سێجۆنگ گەورە کە کێشی ٧٦٠٠ تۆنە، وێرانکەری مونمو گەورەی ٤٤٠٠ تۆن و چەندانی دیکەی ناردووە.

ئەوە یەکەم مانۆڕی سەربازی هاوبەشی هاوپەیمانان بوو لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل مانگی ڕابردوو، هەروەها یەکەم مانۆڕی دوو قۆڵییان بوو کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری تێدابوو لە مانگی 11ی ساڵی ٢٠١٧ەوە.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەو مانۆڕە ئیرادەی هەردوو وڵاتی چەسپاند بۆ وەڵامدانەوەی توندی هەر ئیستفزازییەکی کۆریای باکوور، لە هەمان کاتدا پابەندبوونی ئەمەریکا بە پێشکەشکردنی ڕێگرییەکی درێژخایەن نیشان دەدات."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG