Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاگربەستی یەمەن بۆ دوو مانگ نوێ دەکرێتەوە


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت لایەنە شەڕکەرەکانی یەمەن لەسەر نوێکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ دوو مانگی دیکە ڕێککەوتوون.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن هانس گراندبێرگ ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لایەنەکانی ئەم ململانێیە لەسەر پێشنیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نوێکردنەوەی ئاگربەستی ئێستای یەمەن بۆ دوو مانگی دیکە ڕەزامەندیان نیشانداوە.

دەشڵێت "درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە لە کاتێکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ماوەی ئاگربەستی ئێستا تەواو دەبێت، واتە ڕۆژی پینجشەمە کە دەکاتە ڕێکەوتی 2 ی مانگی 6 ی ساڵی 2022 کاتژمێر 4 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی یەمەن."

یه‌مه‌ن له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنی سه‌نعای پایته‌خت، سه‌رهه‌ڵداوانی حوسی كه‌ ئێران پاڵپشتیان دەکات له‌ ساڵی 2014 وه‌ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی به‌ سه‌ركردایه‌تی عەرەبستانی سعوودیه‌ بۆ پشتیوانیکردن له‌ حكومه‌تە گه‌مارۆدراوەکە ده‌ستیپێكردوە.

گراندبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگربەستەکە بە هەمان مەرجەکانی پێشوو درێژکراوەتەوە.

ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان لە یەمەن بانگەشەیان بۆ سوودەکانی ئەم ئاگربەستە کردووە کە لە مانگی 4 ی ئەماساڵەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوابەدوای ئاگربەستەکە فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ هەندێک گەشتی بازرگانی کرایەوە، کە شادەماری ژیانی ئەو یەمەنیانەیە کە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە لە دەرەوەی وڵات، ئاگربەستەکە ڕێگەی بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داوە لە بەندەری حودەیدە کە لە ژێر دەستی یاخیبوواندایە کە ئەگەری زۆرە کەمیی سوتەمەنی لە سەنعا و شوێنەکانی دیکە کەم بکاتەوە.

بەڵام هێشتا بڕگەیەکی ئەو ڕێکەوتنە لەلایەن یاخیبووانەوە جێبەجێنەکراوە بۆ سووککردنی گەمارۆی سێیەم گەورەترین شاری یەمەن، ئەمەش تووڕەیی ئەو حکومەتەی لێکەوتووەتەوە کە داوای کردنەوەی ڕێگاکانی شارەکە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە یاخیبووان داوایان لە حکومەت کردووە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کەرتی گشتی بدات کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کاردەکەن.

گراندبێرگ وتیشی "بۆئەوەی ئاگربەستەکە بە تەواوی تواناکانی خۆی جێبەجێ بکات، پێویستە هەنگاوی زیاتر بنرێت، بەتایبەتی لەبارەی بابەتی کردنەوەی ڕێگاوبانەکان و گەشتە بازرگانییەکان."

دەشڵێت "بەردەوام دەبم لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ جێبەجێکردن و چەسپاندنی هەموو بەندەکانی ئاگربەستەکە بە تەواوەتی، هەنگاونان بەرەو چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بۆ ئەو ململانێیە کە لەگەڵ خواست و داواکارییە ڕەواکانی ژنان و پیاوانی یەمەندا بگونجێت."

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG