Accessibility links

 
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەرچەند قەیرانی خۆراک تاویسەندووە بەڵام هەندێک بەرەوپێشچوون لە ئارادایە

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەرچەند قەیرانی خۆراک تاویسەندووە بەڵام هەندێک بەرەوپێشچوون لە ئارادایە


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند قەیرانی خۆراک بەهۆی شەڕەوە لە ئۆکرانیا زیاتر تاویسەندووە، ڕەنگە ئەو قەیرانە بڕێک خاوببێتەوە.
جەنگەکە بە شێوەیەکی کاریگەر ئاستەنگی سەختی بۆ دابینکردنی دانەوێڵە و پەینی لە ناوچەکانی جەنگەوە بۆ جیهان دروستکردووە. ڕووسیا و ئۆکرانیا یەک لەسەر سێی دابینکردنی گەنمی جیهان پێکدەهێنن لە کاتێکدا ڕووسیا سەرچاوەیەکی سەرەکی پەینە بۆ جیهان.
گۆتێرێش داوایکرد "ڕێوشوێنی خێرا و یەکلاکەرەوە بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی بەردەوامی خۆراک و وزە"، لەوانە "لابردنی سنووردارکردنی هەناردەکردن، تەرخانکردنی زیادە و یەدەگ بۆ دانیشتوانی ناوچە هەژارنشینەکان و چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بۆ هێورکردنەوەی ناجێگیری بازاڕ".
گۆتێرێش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ماگدالینا ئەندرسن سەرۆک وەزیرانی سوید لە ستۆکهۆڵم ڕایگەیاند "پێموایە پێشکەوتن لە ئارادایە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە ئەوێ، ئەمانە شتگەلێکی ئاڵۆزن و لە ڕاستیدا هەموو شتەکان پێکەوە گرێدراون بە تایبەتی وا دەکات دانوستانەکان ئاڵۆز بکات".
گۆتێرێش سەرەتای ئەمساڵ گەشتی کرد بۆ مۆسکۆ و کیێڤ لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی هەناردەکردن لە هەردوو وڵاتەوە دەستپێبکاتەوە.
هەروەها وتیشی "وەك بە ئەنجوومەنی ئاسایشم ڕاگەیاند، ئومێدم هەیە، بەڵام هێشتا رێگاكان ماون بیانبڕین، ئێمەش بە تەواوەتی پابەندین بە ئەنجامدانی شتەکانەوە".
مۆسکۆ سزاکانی ڕۆژئاوا بە هۆکاری دابڕانی گەیاندنی هەناردە و پێداویستییەکان دەزانێت و ڕایگەیاندووە ئەگەر گەمارۆکان کەم بکرێتەوە، ڕووسیا ڕێگە بە گەنمی ئۆکرانیا و پەینی ڕووسیا دەدات لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە ڕەوانەی وڵاتانی جیهان بکرێت.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە گەشتێکیدا بۆ بەحرەین ڕۆژی سێشەممە بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی کیێڤ و ڕۆژئاوا.
هەروەها وتیشی "وڵاتانی رۆژئاوا بە داخستنی لەنگەرەکانیان بەڕووی كەشتییەكانی رووسیا و پەكخستنی کاروباری لۆجستیكی و زنجیرە داراییەكان كێشەی دروستکراوی زۆریان سازکرد لەو بارەیەوە".




XS
SM
MD
LG