Accessibility links

بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بایدن لەگەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکەی دادەنیشێت





هەڵاوسان لە ئەمەریکا گەیشتووەتە ئاستێک کە دەیان ساڵە بەو شێوەیە نەبووە. ڕۆژی سێشەممە، سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی، کە هاوشێوەی بانکی ناوەندی وڵاتانی دیکەیە، کۆبووەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ راگرتنی بەرزبوونەوەی نرخ.

لە ماوەی 12 مانگدا کە لە مانگی چواردا کۆتایی هات، پشکی پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر (CPI)، کە زانیاری کۆدەکاتەوە لەسەر ڕێژەی ئەو پارەیەی ئەمریکییەکان لە کڕینی کاڵا و خزمەتگوزاریییەکان خەرجی دەکەن، بە ڕێژەی زیاتر لە 8% زیادیکردووە. بەبەراورد بە مانگی پێشوو، کەمێک دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە ئاستێکدایە کە لە 40 ساڵدا نەبینراوە .

مەسەلەکە هێندە گرنگە بۆ بایدن کە پارتەکەی لە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤەمبەردا ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی گەورە دەکاتەوە. ڕاپرسییەکانی ڕای گشتی ئاماژە بەوە دەکەن بەرزبوونەوەی نرخەکان یەکێکە لە گەورەترین نیگەرانییەکانی دەنگدەران و پێدەچێت هەڵاوسانی بەرز ببێتە هۆی کەمبوونەوەی پاڵپشتی خەڵک بۆ بایدن و دیموکراتەکان.

سەرەڕای فشارە سیاسییەکان، بایدن بە وریاییەوە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ پاوڵ نزیک بووە. نەیدەویست وا دەربکەوێت کە دەستوەردان لە کاروباری یەدەگی فیدراڵیدا دەکات، کە ناوەندێکی سەربەخۆییە.

پێش کۆبوونەوەکە لەگەڵ پاوڵ، بایدن گوتارێکی لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە نایەوێت واسەیربکرێت کە فشاردەخاتە سەر یەدەگی فیدراڵی، تۆمەتێک کە دەدرایە پاڵ سەرۆکی پێشووی ترەمپ، کە بە ئاشکرا رەخنەی لە پاوڵ دەگرت.

بایدن نوسیوی، "یه‌كه‌م: بەرپرسیارێتییەکی سەرەکی یەدەگی فیدراڵی كۆنترۆڵكردنی هه‌ڵاوسانه‌. سەرۆکی پێش من، سوکایەتی بە یەدەگی فیدراڵی دەکردو سەرۆکەکانی ڕابردووش هەوڵیان داوە لە ساتی بەرزبوونەوەی هەڵاوساندا، بە شێوەیەکی نەگونجاو کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دابنێن. من ئەمە ناکەم. من کەسانی شارەزای بەرزم لە هەردوو پارت داناوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی ئەو دامەزراوەیە بکەن. من لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکەیاندام کە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان لە ئێستادا بەربەستی سەرەکی بەردەم ئابووریمانە”.

وەکو بانکی ناوەندی ئەمەریکا، یەدەکی فیدراڵی سەرقاڵی پرۆسەیەکی زۆر هەستیارە: هەوڵدەدات بەرزبوونەوەی نرخەکان رابگرێت بەبێ ئەوەی ئابووری ئەمەریکا توشی پاشەکشەیەکی زیانبەخش بکات.

ئامرازی سەرەکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا بریتییە لە دانانی رێژەیەکی ستاندارد بۆ سود لەسەر قەرز و ئەمەش دەکرێت کاریگەری لە تەواوی ئابووری وڵاتەکە بکات.

XS
SM
MD
LG