Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات ڕەخنەگران ئازاد بکات


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی کرد ئەو ڕەخنەگرانە ئازاد بکات کە تیایاندا چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەر هەن، ڕێکخراوەکە دەڵێت سەرەتای ئەمساڵ سزای زیندانیان تەواو کردووە بەڵام هێشتا ئازاد نەکراون.

ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەو 10 کەسە لە ساڵی 2012 ەوە کە بە گروپی "ئیمارات 94" ناسراون دەستگیرکراون کە پێکهاتوون لە 94 پارێزەر و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و ئەکادیمیست کە لە ساڵی 2013 دا سزای 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە بە تاوانی پیلانگێڕی بۆ ڕووخاندنی حکومەت.

بە ئاماژەدان بە ئیماراتیە تاراوگەنشینەکان و ئەندامانی خێزانی زیندانییەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت بڕیاربوو ئەو کەسانە لە مانگی 3 و 4 دا ئازاد بکرێن بەڵام هێشتا بە بیانووی " بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی" لە زینداندا هێڵراونەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئیمارات تەنها پەردەپۆشێکە کە دەسەڵاتداران وەک ئامڕازێک بۆ سەرکوتکردن و سنووردارکردنی فەزای مەدەنی بەکاریدەهێنن".

دەسەڵاتدارانی ئیمارات دەستبەجێ وەڵامی داوایەکی ئاژانسی ڕۆیتەرزیان نەدایەوە بۆ وەرگرتنی لێدوان. پێشتر ئەم جۆرە تۆمەتانەیان بە درۆ و بێ بەڵگە ناودێرکردووە و ڕەتیاکردۆتەوە.

ئیمارات کە هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و ناوەندی گەشتیاری و بازرگانی ناوچەکەیە، ڕێگە بە لایەنە سیاسییەکان نادات و کەمتر لێبوردەیە بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگران و هاوکات ئازادی ڕادەربڕین سنووردارە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب خۆی لە ڕاپەڕینەکانی ساڵی 2011 لە جیهانی عەرەبی بە دوورگرت بەڵام لە نێوەندی تاوسەندنی نائارامییەکاندا هەڵمەتی دژی ئیسلامییەکان بەرپاکرد، لە نێویاندا گومانلێکراوەکانی ئەندامانی گروپی ئیصلاح کە تۆمەتبار کرابوون بەوەی سەر بە ئیخوان موسلیمینی قەدەغەکراون.

لە دانیشتنەکەی دادگادا کە لەلایەن گروپی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێگیرا، دەیان ئیسلامی بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ڕووخاندنی حکومەت سزا دران.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG