Accessibility links

هاوپەیمانەکەی حزبوڵا جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان


پەرلەمانی نوێی لوبنان لە یەکەم دانیشتنیدا ڕۆژی سێشەممە، نەبیح بێری، سیاسەتمەداری دێرینی شیعەکانی بۆ خولی حەوتەم وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژاردەوە.

بێری، تەمەن 84 ساڵ، لە کۆی 128 ئەندامی پەرلەمان تەنیا 65 دەنگی بەدەستهێنا. لە سیستمی سیاسی تائیفی لوبناندا، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ موسڵمانێكی شیعە دانراوە.

ئەوە بچووکترین زۆرینە بوو تا ئێستا بێری بە دەستی هێنابێت. ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی پەرلەمانێکی نوێیە کە تێیدا بزووتنەوەی چەکداری حزبوڵای سەر بە ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەو زۆرینەیان لەدەستدا کە لە ساڵی 2018 ەوە بە دەستیان هێنا بوو.

دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە یەکەمین دانیشتن بوو لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ کە لە 15 ی پێنج ئەنجامدرا. ئەمەش یەکەم دەنگدان بوو لە دوای داڕمانی ئابووری لوبنان و تەقینەوەی بەندەری بەیروت لە ساڵی 2020.

بێری کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئەمەلی شیعەکان دەکات، لە ساڵی 1992ەوە ڕۆڵی سەرۆکی پەرلەمانی بەدەستەوەیە و هاوپەیمانێکی نزیکی حیزبوڵایە.

ئیلیا بو ساب، وەزیری پەروەردەی پێشوو، وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، پۆستێک کە هەمیشە بۆ مەسیحییەکی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی دانراوە.

بو ساب، هاوپەیمانی بزووتنەوەی نیشتمانپەروەری ئازادی سەرۆک میشێل عەونە کە هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە. لە خولی دووەمی دەنگداندا، بە 65 دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دژی غەسان سکاف، کە پەرلەمانتارێکی تازە هەڵبژێردراوە و خۆی بە سەربەخۆ دادەنێت.

دەنگدانی ڕۆژی سێشەممە مانای ئەوە دەگەیەنن هاوپەیمانەکانی حیزبوڵا دوو پۆستی گرنگیان لە پەرلەماندا بەدەستەوە ماوە.

ئەنجامەکان کە بە زەحمەت حیزبوڵا ئەو پۆستانەی بردەوە دەریدەخەن پەرلەمانی نوێی لوبنان چەندە پڕ ناکۆکی دەبێت لە کاتێکدا هیچ لیستێک زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست نەهێناوە.

نەیارانی حیزبوڵا، لە نێویاندا هێزەکانی لوبنان، پارتێکی مەسیحی کە سعودیە پاڵپشتی دەکات، کورسی بەدەستهێنا.

زیاتر لە 10 کەسی نوێی ئۆپۆزسیۆن بۆ یەکەمجار کورسی پەرلەمانیان بردۆتەوە. ئەم ئەنجامە چاوەڕواننەکراو بۆ سیستەمێک کە لە مێژە لە ژێر هەژموونی گروپە تائیفییەکاندایە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG