Accessibility links

پۆلیسی ئێران تەقە و گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت


ئاژانسی هەواڵی فارس و راپۆرتەکانی سۆشیال میدیا ڕایانگەیاند کە پۆلیسی ئێران لە ڕێگای گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردنی هەوایی هەوڵی بڵاوەپێکردنی شەوێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان داوە، کە دوای ڕووخانی باڵەخانەیەک لە شاری ئابادان هاتونەتە ئاراوە و خەڵکەکە کاربەدەستان بە گەندەڵی و پشتگوێخستنی پاراستنی هاوڵاتیان تاوانبار دەکەن.

بەرپرسانی پارێزگای خوزستان کە شاری ئابادانیش لە خۆ دەگرێت، رایانگەیاندوە کە ژمارەی گیان لەدەستدان بە هۆی ڕووخاونی باڵەخانە 10 نهۆمییەکەوە تاکو ئێستا 29 کەسە، و 37 کەسی دیکەش برینداربوون، و هەروەها 38 کەسیش بێسەر و شوێنن. ئاماژەیان بەوەشکردووە تا ئێستا 13 کەسیان بە تۆمەتی سەرپێچی لە بنەماکانی بیناسازی دەستگیرکردوە.

بەرپرسانی لێکۆڵینەوە لە کارەساتەکە ڕایانگەیاندوە تاکو ئێستا سەرۆک شارەوانییەکانی ئێستا و ڕابردووی شاری ئابادان و چەند کارمەندێکی دیکەی شارەوانییان پەیوەست بەو بابەتەوە دەستبەسەر کردووە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندوە کە حکوومەت رۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ رێزلێنان لە قوربانیانی ڕووداوەکە، رۆژی یەک شەممەی وەک ماتەمینی نیشتمانی راگەیاندوە.

ئاژانسی فارس رایگەیاندووە خۆپیشاندان لە شەوی هەینیدا لە شاری ئابادان توندوتیژی لێكەوتەوە، ئەمەش لە كاتێکدا بووە کە جەماوەرەکە بەزۆر هەوڵیان داوە بڕوەنە ناو وێرانەكانی بیناكەوە کە تێیدا ئۆپەراسیۆنەكانی فریاگوزاری هێشتا بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ئەو خەڵکانەی کە لە ژێر پاشماوەکاندان.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیال میدیا خۆپیشاندەران دەبینرێن لە کاتێکدا هاوار دەکەن "تەقە مەکە، تەقە مەکە" و دەنگی تەقەش بیستراوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی پشتڕاستنەکراوەی دیکەی شاری ماە شەهری پارێزگای خوزستان دەبینرێت کە خۆپیشاندەران هاوار دەکەن "نەوت و گازی ئێمەیان دزی و خوێنیان ڕەشتین."

هەروەها بەپێی پۆستە پشتڕاستنەکراوەکانی دیکەی سۆشیال میدیا، ڕێپێوان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئابادان لە چەند ناوچەیەکی نزیک لە خوزستان و لە شاهین شەهر و هەروەها شاری شیرازی بەڕێوەچووە.

محەممەد موخبێر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار ڕۆژی هەینی بە تەلەفزیۆنی فەرمی ڕاگەیاند کە پێی وایە گەندەڵی بەربڵاوی نێوان بیناکار و خاوەن پڕۆژە و ئۆرگانەکانی بەرپرس لە سەرپەرشتیاری بەرپرسیارن لەو کارەساتە.

هەروەک چۆن لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتردا لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، دانیشتووان ڕاپۆرتیان لەسەر تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت کردووە، لە ئێستاشدا هەوڵێکی دیار هەیە بۆ وەستاندنی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ ڕێگریکردن لە ڕێکخستنی گردبوونەوەکان و بڵاوکردنەوەیان بە ڤیدیۆ، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە کێشەیان لە ئینتەرنێتدا دروست کردبێت.

XS
SM
MD
LG