Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانێکی جێبەجێکار بۆ پێداچوونەوە بە ڕەفتاری پۆلیس واژۆ دەکات


جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە لە ساڵیادی مردنی جۆرج فلۆید لەژێر دەستی پۆلیسێک فەرمانێکی جێبەجێکاری دەرکرد.

بەپێی فەرمانەکەی بایدن هێزی پۆلیسی فیدراڵی دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بەکارهێنانی هێز بکاتەوە و بنکەیەکی زانیاری دروست بکات بۆ ئەو پۆلیسانەی کە بەهۆی هەڵسوکەوتی نادروستەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. هەروەها بە پێی فەرمانەکە بەکارهێنانی دەست و ملی تاوانباران لەلایەن پۆلیسی ناوچەیی و ویلایەتەکانەوە سنووردار کراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دوای واژۆکردنی فەرمانەکە بە میدیاکانی گوت "ئەمە پێوەرێکە بۆ ئەوەی پێکەوە کارێک بۆ چاکبوونەوەی ڕۆحی نەتەوەکەمان بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو زەبر و زەنگ و ترس و ماندوێتییە قووڵەی کە هەموو مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە بەتایبەتی ڕەشپێستەکان بۆ چەندین نەوە ئەزموونیان کردووە".

بایدن ئاماژەی بە تەقەکردنە دڵتەزێنەکەی قوتابخانەی سەرەتایی لە ویلایەتی تەکساس و کوژرانی منداڵان و مامۆستایانی بێتاوان کرد و گوتی "کۆنگرێس بوێری ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ لۆبییە بەهێزەکانی چەک نییە و هەروەها کۆمارییەکان دژی سنووردارکردنی توندن بۆ خاوەندارێتی چەک."

فلۆیدی ڕەشپێست، لە مانگی 5 ی ساڵی 2020 گیانی لەدەستدا کاتێک دێرک شۆڤین، ئەفسەری پێشووی پۆلیس ئەژنۆی لەسەر ملی دانابوو بۆ زیاتر لە 9 دەقە.

کوشتنی فلۆید بە کامێرای مۆبایل گیرابوو و بڵاوبۆوە ئەمەش بووە هۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە سەرانسەری جیهاندا دژ بە ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی پۆلیس بە تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.

XS
SM
MD
LG