پێدەچێت جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دوا بڕیاری خۆی دابێت و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک خۆی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەکاندا بهێڵێتەوە.
ئەم هەواڵەش لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاواوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی پۆلیتیکۆ ڕاگەیەندراوە و لە ڕۆژی سێشەممەشدا نەفتالی بینێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
بێنت لە تویتەر نوسیبوی "من پێشوازی له بڕیارهكهی ئهمەریكا دهكهم بۆ مانهوهی سوپای پاسدارانی ئێران له لیستی ڕێكخراوه تیرۆریستییه بیانیهكاندا."
بێنت هەروەها سوپاسی بایدن و کۆشکی سپی کردوە و وەک باشترین هاوڕێی ئیسرائیل ناوی بردوون.
پۆلیتیکۆ دەڵێت کەسێکی نزیک و ئاگادار لە دانوستانە ناوکییەکان بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندوە کە "لە میانەی پەیوەندییەکی نێوان نەفتالی بینێت و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە لە 24ی مانگی چواردا، بایدن بێنێتی دڵنیا کردوەتەوە لەوەی کە بڕیارەکەی ناگۆڕێت".
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەواڵەکەی ئاژانسی پۆلیتیکۆ گوتی " هیچ قسەیەكی نوێی لەو بارەیەوە نییە بۆ گوتن" و گوتیشی " بەڵام دەرهێنانی سوپای پاسداران لە ڕیزبەندی تیرۆری ئەمەریکادا لە چوارچێوەی پرسەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا نییە و ئەگەر ئێران بیەوێت دانوستان لەسەر ئەو پرسە بكات، دەبێت ئیمتیازات بدات."
شایانی باسه ئهمەریکا له ساڵی 2019ـهوه وهک بەشێک لە سزاکان لە ژێر ناوی ههڵمهتەکانی ئهوپهڕی گوشار بۆ سەر ئێران سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی ڕێکخراوه تیرۆریستییه بیانیهکانهوه و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ئێستادا وەک مەرجی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 پێداگری لهسهر دەرهێنانی ناوی سوپای پاسداران لهو لیستەدا دەکات.