Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا لە ژاپۆن پلانێکی ئابووری بۆ بەرنگاربوونەوەی چین ئاشکرا دەکات


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ژاپۆن و بڕیارە پەردە لەسەر پلانێک بۆ بەرفەراوان کردنی پەیوەندیی ئابوری نێوان واشنتون و وڵاتانی ناوچەی ئۆقیانوسەکانی هیندی و ئارامدا لابدات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەردەوامی گەشتەکەی بۆ ئاسیا لەگەڵ سەرکردەکانی ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا کە ئەندامی گروپی کوادن، کۆ دەبێتەوە. کواد دیالۆگی ئاسایشی چوارلایەنەی ئەو وڵاتانەیە کە بەردی بناغەی ستراتیژی بایدنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی چین کە لە گەشەدایە.

ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بایدن دوای ماوەیەکی کەم لە گەیشتن بە ژاپۆن لەگەڵ سەرکردە بازرگانییەکانی ژاپۆن لە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزەکەی کۆبووەتەوە.

هەروەها سەرۆک بایدن بەنیازە ڕۆژی دووشەممە پەردە لەسەر پلانی ئابووری نێوان واشنتون و وڵاتانی هیندستان و ئۆقیانووسیا لابدات، کە ئامانجەکەی دروستکردنی پەیوەندی نزیکترە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا لەڕێگەی ستانداردە هاوبەشەکانەوە لە بوارەکانی وەک زنجیرەی دابینکردنی خوراک، وزەی پاک، ژێرخانەکان و بازرگانی دیجیتاڵی.

پەكین لە پلانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا ناڕازییە و دڵخۆش نییە.

وەزیری دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند وڵاتەکەی پێشوازی لە دەستپێشخەرییە پێشکەوتووەکان دەکات بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە ناوچەکەدا بەڵام "دژی هەوڵەکانە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و رووبەڕووبوونەوە".

هەر پەیوەند بەم بابەتەوە جەیک سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی رایگەیاند تایوان هیچ جێگەیەكی لەو پلانە ئابووری بایدندا نییە کە بڕیارە ڕایگەیەنێت، و گوتی بەڵام واشنتون بەردەوام دەبێت لە هەوڵی بەرفراونکردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ ئەو دوورگەی ئۆتۆنۆمییەدا.

XS
SM
MD
LG