Accessibility links

وردەکاری بۆمبارانی چەمچەماڵ و مەخمور لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە


چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کە گومان دەکرێت فڕۆکەی تورکی بن، ڕۆژی شەممە، ناوچەی ئاغجەلەری سنوری قەزای چەمچەماڵ و کەمپی پەنابەرانی کوردانی باکوریان لە نزیک قەزای مەخمور بۆمباران کرد، کە کامپەکە بە کامپی (ڕۆستەم جودی) ناسراوە و بۆمبارانەکان قوربانیان لێکەوتووەتەوە.

بۆمبارانی ڕۆژی شەممەی سنوری قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ڕۆستەم جودی لە نزیک قەزای مەخمور لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، سنوری قەزای ماوەتیش بۆردومانکراوە، ئەمە جگە لە کوژرانی کوردێکی پەنابەری کوردستانی تورکیا لە نێو جەرگەی شاری سلێمانی لە چەند شەوی ڕابردوودا.

فڕۆکەکە بێ فڕۆکەوانەکان کە گومان دەکرێت تورکی بن، سەرەتا پێگەیەکیان لە گوندی توتەقەل ی سەربە ناحیەی ئاغجەلەری سەربە قەزای چەمچەماڵ بۆمبارانکردووە، دواتر ئۆتۆمبێلێکی تریان کردووەتە ئامانج و پێنج کەسیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا کوشتووە، کە دوو لە کوژراوەکان دانیشتووی گوندەکانی سنورەکەن، بەڵام سێ کوژراوەکەی تر، گومان دەکرێت کادیری پەکەکە بن.

ڕەمک ڕەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە دەنگی ئەمەریکای گوت"لە دوو کاتی جیاوازدا، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان گوندی توتەقەل ی سەربە ناحیەی ئاغجەلەری سەربە قەزای چەمچەماڵی بۆمب بارانکردووە، بەو هۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو کەسیان خەڵکی گوندەکانن، بەڵام 3 لە کوژراوەکان نەناسراونەتەوە."

هەرچەندە سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی هەرێمی کوردستان، ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، ئەو ناوچەی نزیک چەمچەماڵ کە بۆردومانکراوە، دوو بارەگای پەکەکەی لێ یە، کە لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە لەو ناوچانە جێگیربوون، بەڵام ڕەمک ڕەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ ئەمەی ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە، هیچ هێزێکی پەکەکە لە ناوچەی ئاغجەلەر نەبینراون، گوتی"بەڵام لە نێوان چەمچەماڵ و کەرکوک هەن."

بەپێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش لە سنوری ماوەت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەیەکی تری بۆردومانکردووە و گومان دەکرێت بنکەکە هی پەکەکە بێت، بەڵام هێشتا پەکەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

هەمان ڕۆژ دوای بۆردومانکردنی سنوری ئاغجەلەری سەربە قەزای چەمچەماڵ، فرۆکەی بێ فڕۆکەوان، ئۆتۆمبێلێکی تری لە نێو کەمپی ڕۆستەم جودی لە قەزای مەخمور بۆمبارانکرد، کە کەمپەکە پەنابەرانی کوردانی تورکیای نزیک لە پەکەکەی تێدا نیشتەجێن.

هەرچەندە زانیاریە نافەرمیەکان ئاماژە بە کوژرانی دووکەس دەکەن، بەڵام نێچیرڤان باکوری ئەندامی پەیوەندیەکانی کەمپی ڕۆستەم جودی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"تەنها کەسێک برینداربووە، بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە."

ڕوونیشیکردەوە، بەردەوام فڕۆکە بەسەر کامپی ڕۆستەم جودی دەسوڕێتەوە، چەندین جار عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هیچیان بۆ نەکردوون، بۆیە بەرپرسیارێتی دۆخەکە لە ئەستۆی ئەواندایە، گوتی"فڕۆکەی تورکیا ناو بەناو بۆردومان دەکات، بەڵام ئەمجارە ئۆتۆمبێلێکی لەناو کەمپەکەدا کردووەتە ئامانج."

ئەو فڕۆکانەی سنوری چەمچەماڵ و مەخموریان بۆردومانکردووە، سەدان کیلۆمەتر ڕۆیشتوونەتە نێو قوڵایی خاکی عێراقەوە بۆ پێکانی ئامانجەکانیان، چاودێران پێشبینی ڕوودانی هێرشی تری هاوشێوەش دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00

XS
SM
MD
LG