Accessibility links

ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقی سەربازی هاوبەشی فراوانتر دەستپێدەکەن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند بیر لە مانۆڕی سەربازی هاوبەشی فراوانتر دەکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور، لە کاتێکدا هیوایەکی کەم هەیە بۆ دیپلۆماسی ڕاستەقینە لەم بارەیەوە.

ئەم ڕاگەیاندنە گۆڕانکارییەکە لە ئاراستەی هەردوو سەرکردەکەی پێش خۆیان، کاتێک دانۆڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بیری لە هەڵوەشاندنەوەی مەشقەکان کردبووەوە و سۆز و خۆشەویستی بۆ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور دەربڕیبوو. هەروەها دوا سەرۆکی کۆریای باشوور، مون جای ئین، تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی پابەند بوو بە گفتوگۆ لەگەڵ کیم، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لەلایەن کۆریای باکورەوە ڕەتکرایەوە.

کۆریای باکور کە بەرگری لە چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدانی موشەکی خۆی کردووە وەک ڕێگرییەکی پێویست لە بەرامبەر ئەوەی کە بە هەڕەشەکانی ئەمەریکا وەسفی دەکات، دەتوانێت بە تووڕەییەوە وەڵامی ڕاگەیاندنی ڕۆژی شەممە بداتەوە.
لە کاتێکدا لە مێژە کۆریای باکور مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی وەک ڕاهێنانێک بۆ داگیرکاری وەسف کردووە، هەرچەندە هاوپەیمانان مەشقەکانیان وەک بەرگری لە خۆیان وێنا کردووە.

بایدن و یون لە لێدوانەکانیاندا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دووپاتیان کردەوە کە ئامانجی هاوبەشیان داماڵینی تەواوەتی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکورە.

ئەمەریکا و کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ئەوان پابەندن بە "ڕێکخستنی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا" لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کە پێدەچێت بەیاننامەکە زەمینەیەک بێت بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەر بەرەنگارییەک لەگەڵ کۆریای باکوردا.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG