Accessibility links

دابیننەکردنی بودجە 900 کۆمپانیا لە سلێمانی مایەپووچ دەکات


محەمەد عەتا
محەمەد عەتا

جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی چەکی بانکییەوە، نزیکەی 900 کۆمپانیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی مایەپووچ بوون و داخراون، پسپۆڕێکی ئابووریش پێیوایە، هاوکارینەکردنی بەڵێندەران دەبێتە هۆی داڕمانی سێکتەری وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی.

محەمەد عەتا، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2014 ەوە تائێستا نزیکەی 900 کۆمپانیا لە پارێزگای سلێمانی مایەپووچ بوون و داخراون.

جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەدوای 2014 و سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە سەرجەم پرۆژەکان وەستاون و لەوە بەدوا ناوی بەڵێندەر لە هیچ دامودەزگایەکدا نەما بۆ خەرجکردنی پارە.

لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا هەزار و 280 کۆمپانیای تۆمارکردووە، لەو ڕێژەیەش تەنها %5یان کۆمپانیای بیانین و بەوپێیە بێت، ئێستا 70%ی کۆمپانیاکانی سنووری سلێمانی مایەپووچ بوون.

محەمەد عەتا دەڵێت: لەوانەیە جیاکاریی بکرێت لە نێوان سلێمانی و هەولێردا، چونکە پارەیەکی زۆر بۆ پرۆژەکانی ئەوێ تەرخان دەکرێت، بەڵام شتێکی کەم بۆ پرۆژەکانی سلێمانی دادەنرێت، تەنانەت لەم ڕۆژانەدا نووسراوێک هات بۆ ئێمە کە ۳٦۰ ملیۆن دینار تەرخان بکرێت بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان، بەڵام ئەوەش هەر نووسراو بوو و دەنگی نەما.

بێستون عوسمان یەکێکە لەو بەڵێندەرانەی وەک خۆی دەڵێت، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کۆمپانیای هەیە، بەڵام پێنج ساڵە مایەپووچ بووە و کۆمپانیاکەی داخستووە و بودجەی دوو پرۆژەیشی تائێستا لەلایەن حکومەتەوە بۆ خەرج نەکراوە.

بێستوون عوسمان بۆ دەنگی ئەمەریکا باس لە هۆکاری مایەپووچ بوونی دەکات و دەڵێت: پرۆژەکەی ئێمە لە 2017 بۆ 2018 تەواو بوو، حکومەت هات چەکێکی بانکی پێداین، بەڵام بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکردینەوە کە داوای پارە نەکەین، من ئێستا چەکێکی 74 ملیۆنیم لای وەزارەتی داراییە و هەموو ئامێرەکانیشم فرۆشتووە بۆ ئەوەی قەرزەکانمی پێ ببژێرم، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت داوای باجم لێ دەکات.

بەڕای پسپۆڕانی ئابووریش، هاوکاری نەکردنی بەڵێندەران دەبێتە هۆی داڕمانی سێکتەری وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

نەبەرد کەریم ,مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاریی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت Î چارەسەری سەرەکیی ناردنی پرۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان، کە نزیکەی هەشت ساڵە پرۆژە یاسای بوجە نانێردرێت بۆ پەرلەمان، کە ئەوەش بەئەنقەست بووە لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوە بۆ پەکسختنی جوڵەی ئابووری لە سنووری سلێمانی، چونکە یاسای بودجە گەندەڵیی کەم دەکاتەوە و هەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەیەکیش پشکی خۆی دەبێتÎ.

مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان لە سنووری سلێمانی لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران، لەئێستادا زیاتر لە هەزار پرۆژە لە لە پارێزگاکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، بەڵام سەرجەمیان بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:45 0:00
XS
SM
MD
LG