Accessibility links

دوای هەڵبژاردن، لوبنان بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەڕوات


ڕەنگە نەیارانی حزبوڵای لوبنان دڵخۆش بن بە لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمان لەلایەن ئەو پارتە چەکدارییەوە بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بارودۆخێکیان هێناوەتە ئاراوە کە لە باشترین حاڵەتدا چەقبووستوویەکی سیاسی درێژخایەن و لە خراپترین حاڵەتەدا توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە بەبێ هیچ ڕووداوێکی گەورە تێپەڕین. ئەمە بۆ خۆی دەستکەوتێکە لە وڵاتێکدا کە مێژووی توندوتیژی سیاسی هەیە و لە دوای شەڕی ناوخۆی ١٩٧٥-١٩٩٠ەوە ئەمڕۆ بە خراپترین قەیراندا تێپەڕدەبێت.

حزبوڵا، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هێزێکی گەورەی سیاسی و سەربازییە. لایەنگرانی وەکو بە بەربەستێک دژی ئیسرائیلی دوژمن سەیری دەکەن و لەلایەن ڕەخنەگرەکانەوە وەک "دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتێکدا" وەسف دەکرێت کە بەردەوامبوونی بوونی ڕێگری لە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی دیموکراسی لە لوبنان دەکات.

حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی ئەو زۆرینە ڕوونەیان لەدەستدا کە لە پەرلەماندا هەیانبوو، سەرەڕای زنجیرەیەک گوتاری توندی تەلەفزیۆنی کەحەسەن نەسروڵا ، سەرۆکی گروپی شیعەکە، لە هەفتەی پێش دەنگدان بڵاویکردنەوە.

گەورەترین براوەکان پارتی هێزەکانی لوبنانی کرستیان و چەند رووخسارێکی نوێ بوون کە لە نێو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی عەلمانی ساڵی ٢٠١٩ سەریانهەڵدا و هەموویان هەڵوێستێکی ڕوونیان دژی حزبوڵا هەیە.

لینا خەتیب، شرۆڤەکار، بەرپرسی بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە پەیمانگای چاتەمهاوس دەڵێت "پارتەکانی پاسەوانی کۆن هەوڵدەدەن هەژموونی سیاسی خۆیان لە بەرامبەر ئەو چاکسازیخوازانەدا بخەنەڕوو کە بۆ یەکەمجارە چوونەتە ناو پەرلەمانەوە".

- هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان -

لە 22ی 5ەوە، دوای تەواوبوونی ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستا، پەرلەمانتارە نوێیەکان 15 ڕۆژ مۆڵەتیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان. لە ساڵی 1992ەوە، نەبیح بێری، سەر بە حزبوڵا، لەم پۆستەدا بووە و سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 84 ساڵە، بەنیازی جێهێشتنی پەرلەمان نییە.

بەپێی رێککەوتن، پۆستی سەرۆک وەزیرانی لوبنان تایبەتە بە موسڵمانێکی سوننە، سەرۆکایەتی لوبنان دەچێتە دەست کرستیانێک و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ موسڵمانێکی شیعە.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یارانی حزبوڵا تا چه‌ند ئاماده‌ن رووبەڕووی باڵانسی شیعەکان ببنەوە.

سەرۆکی گروپی پەرلەمانی حزبوڵا ڕۆژی دووشەممە هۆشداری بە ڕکابەرەکانیدا نەبنە "قەڵغان بۆ ئیسرائیلییەکان".

قسەکانی ئەو وەڵامێک بوو بۆ سەمیر گێگیا کە پارتەکەی بەناوی، هێزەکانی لوبنان، پاڵپشتی دۆسیەی داماڵینی حزبوڵا لە چەک دەکات، بەڵێنیدا هەرگیز پشتگیری لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بێری نەکات و نەچێتە ناو حکومەتێکی یەکگرتووەوە.

جەمسەرگیری نوێی سیاسەتی لوبنان ترسی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی کوشندە دروست دەکات کە ساڵی ڕابردوو لە بەیروت لە نێوان شەڕڤانانی هاوپەیمانی حزبوڵا و لایەنگرانی هێزەکانی لوبنان ڕوویدا.

ڕۆژنامەی لۆریێنت-لی جور لە شیکارییەکدا جەختی لەوە کردەوە کە زۆرینەی پەرلەمانی حزبوڵا وایکردبوو لە رابروودا، "پەنا نەباتە بەر تیرۆر بۆ سەپاندنی بڕیارەکانی و پاراستنی هێڵە سوورەکانی".

- پێکهێنانی حکومەت -

دانیال مایر، توێژەرێک کە بنکەکەی لە فەرەنسایە، دەڵێت: "مەترسی چەقبەستوویی تەواو لە ئارادایە. لوبنان پسپۆڕی بنبەستی سیاسیە."

لە شێوازی ناوازە و ئاڵۆزی سیاسەتی تەوافوقی تائیفی لوبناندا، پێکهێنانی حکومەت دەکرێت چەند مانگێکی بخایەنێت.

لە نێوان دواین دوو هەڵبژاردندا، لە کۆی چوار ساڵ، دوو ساڵ لوبنان لە ژێر حکومەتێکی کاتبەرێکەردا بوو کە دەسەڵاتی سنووردار بوو، لە کاتێکدا سیاسییەکانی وڵاتەکە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ گفتوگۆیان دەکرد.

دوایین حكومه‌ت كه‌ ملیاردێر نه‌جیب میكاتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ته‌نها له‌ مانگی نۆی 2021ـه‌وه‌ دوای 13 مانگ نەبوونی حکومەت دەستی بەکارکرد.

حکومەتێکی زیاتر تەکنۆکراتی بوو تا لوبنان بونیاتبنێتەوە، بەڵام هەر وەزیرێک لەلایەن یەکێک لە پارتەکانی لوبنانەوە پاڵپشت دەکرا.

چاوەڕێناکرێت هیچ یەک لەو ١٣ پەرلەمانتارەی کە بە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی خۆپیشاندەرانی دژە دەسەڵاتی ساڵی 2019 هەڵبژێدراون بچنە ناو حکومەتەوە.

سامی نادر، شرۆڤەکار دەڵێت "گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگی هێزدا هەیە بەڵام ئەمە گۆڕانی لە ئەرزی واقیعدا لێناکەوێتەوە چونکە سەرەڕای هەموو شتێک حزبوڵا دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی دەپارێزێت".

چارەسەرێکی خێرا ئەوەیە کە حکومەتی نەجیب میکاتی وەکو حکومەتێکی کات بەرێکەر بەردەوامبێت لە حوکمکردن.

- هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار -

تا کۆتایی ساڵ کات لەبەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی کەسێکی نوێ لەلایەن پەرلەمانە نوێکەوە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆک میشێل عەون کە تا ئەو کاتە تەمەنی دەبێتە 89 ساڵ و ئەمەش بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

ساڵانێک بوو گێبران باسیل زاوای خۆی بۆ پۆستەکە ئامادە دەکرد، ئەمەش شتێکی نائاسایی نەبوو لە وڵاتێکدا کە نیپۆتیزم (خزم-خزمێنە) تیایدا بەربڵاوە.

پێشتر جۆزێف عەون سەرۆکی سوپا وەک بەدیلێک دیاریکراوە بەڵام گفتوگۆکان دەکرێت درێژە بکێشن.

جۆزێف باهوت، مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت دەڵێت "پێدەچێت ماوەیەکی درێژخایەن چەقبەستووییمان لە پەرلەماندا هەبێت".

پێشبینی کرد کە لە بنبەستی دامەزراوەیی دەکرێت ببێتە هۆی دواخستی ئەو چاکسازییانەی کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای دەکات تا ساڵی داهاتوو قەرز بداتە لوبنان.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG