ناڕەزایی جەماوەریی لە ئێران بەرامبەر بەوەی کە حکومەت بە "نەشتەرگەری ئابوری " ناوی دەبات یازدە ڕۆژە بەردەوامەو تا دێت زیاتر تەشەنە دەسێنێت.
لە دواین ڕاپۆرتەکاندا هاتووە خەڵکی شاری گولپایەگان لە پارێزگای ئەسفەهان بە ڕێژەیەکی زۆر لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە، دروشمیان دژ بە کاربەدەستانی حکومەت دەگوتەوە و داوایان لە شارەکانی دیکەی ئێران کرد درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەن.
دروشمە سەرەکییەکانی خەڵکی گولپایەگان وەک شارەکانی دیکەی ئێران بریتین بوون لە "ڕەزا شا رۆحت شاد"، "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "مەلا دەبێ بڕوات" و "ئێرانییە بەجەرگەکان، پشتیوانی پشتیوانی".
بە پێی ڕاپۆرتە جەماوەرییەکان، لە شارۆچکەی شوولئاباد-ی سەر بە ناوچەی عەلیگودەرز-ی سەر بە پارێزگای لوڕستان، پێکدادانێکی توند لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان ڕووی داوە.
لەو پێکدادانەی کە لە پرسەی عەلی حاجیوەند یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا ڕوویدا، خەڵک تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای پاسداران کرد. بە وتەی خەڵکی ناوچەکە، هێزەکانی حکومەت هەوالیان دابوو ڕێگری بکەن لە گرتبوونەوە لە دەمی ئەو مەڕاسیمی بە خاکسپاردنەدا. لە شارۆچکەی جونقان و چوارمەحال و بەختیاری لانیکەم هاووڵاتییەکی ناڕازی کوژراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گوتی خۆپیشاندەرە بە جەرگە ئێرانییەکان داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. نێد پرایس لە تویتێکدا گوتی " خەڵکی ئێران مافی ئەوەیان هەیە حکومەتەکەیان بەرپرسیار بکەن. ئێمە پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی ئێران دەکەین بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی ئۆنلاین و کەسێتی بەبێ ترسی توندوتیژی و تۆڵەکردنەوە لێیان."