Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییەکە ئازاد بکات


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییەکە ئازاد بکات، ئەوەش دوای ئەوەی کەناڵی دەوڵەتی ئێران گرتە ڤیدیۆیەکی پەخش کرد کە تیایدا دوو هاوڵاتی فەڕەنسی لەم مانگەدا لە ئێران دەستگیر دەکرێن.

کەناڵەکە دەڵێت دوو فەڕەنسییەکە سیخوڕن و هەوڵیانداوە پشێوی لە ئێراندا بخەنەوە.

وەزارەتی هەواڵگری ئێران دەڵێت لە 11 ی مانگی پێنجدا دوو هاوڵاتی ئەوروپی دەستگیرکردووە کە گوایە هەوڵیانداوە " ناسەقامگیری " لە ئێراندا دروست بکەن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا خەڵکی کام وڵاتی ئەوروپان.

فەڕەنسا سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکەی کردووە و دەڵێت بێ بنەمایە، هەروەها داوای کردووە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

ڕۆژی سێشەممە کەناڵی دەوڵەتی ئێران ناوی دوو هاوڵاتییەکەی ئاشکرا کرد، سیسیل کۆلەری تەمەن 37 ساڵ و جاکیس پاریسی هاوبەشی کە تەمەنی 69 ساڵە، وتیشی " دوو هاوڵاتییەکە سیخوڕن و نیازییان هەبووە پشێوی لە ئێراندا دروست بکەن، ئەوەش لەڕێی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی یەکێتی بازرگانییەوە."

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی کەناڵە ئێرانییەکەی نەداوەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

بەپێی دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران لەم چەند مانگەی ڕابردوودا مامۆستایانی ئێرانی لە سەرانسەری وڵاتەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوای موچە و بارودۆخێکی باشتر دەکەن. دەیان کەسیش دەستگیرکراون.

کەناڵەکە وتی " وەکو گەشتیار هاتوون بۆ ئێران، بەڵام بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت کردووە و لەگەڵ ئەندامانی ' دەستەی مامۆستایاندا ' کۆبوونەتەوە." لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کە گوایە کۆهلەر و پاریس لەگەڵ کۆمەڵێک کەسدا کۆدەبنەوە کە کەناڵەکە دەڵێت ئەو مامۆستا ئێرانییانەن کە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە.

دەستگیرکردنی دوو هاوڵاتییە فەڕەنسیەکە هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی سوید دێت لە ئێران، ئەم دەستگیرکردنانەش لە کاتێکی هەستیاردان، لەکاتێکدا کە ئەمەریکا و لایەنەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کۆشش دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە، کە لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشایەوە لێی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG