Accessibility links

لە ئەمەریکا شیری قوتوی منداڵان بەزەحمەت دەستدەکەوێت


دوای ئەوەی چوار کۆرپەلە کە شیری قوتوی کۆمپانیای ئابۆت ( Abbott Laboratories) یان بەکارهێنابوو توشی نەخۆشی بوون، کۆمپانیاکە شیرەکانی لە بازاڕ کۆکردەوە و کارگەیەکی لە ویلایەتی میشیگن داخست. ئەمەش چەند رۆژێکە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە و خەڵکی بە زەحمەت شیری قوتوویان دەستدەکەوێت.

ئەم قەیرانە چاوەڕێدەکرێت بەرەو نەمان بچێت دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان کە بە FDA ناسراوە، مۆڵەتی کۆمپانیاکەی تازە کردەوە تا بەردەوامبێت لە دروستکردنی شیری قوتو لە میشیگن.

ئابۆت یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی ناوخۆیی و کاتێک بەرهەمهێنان دەستی پێکرد، چەند هەفتەیەک دەخایەنێت تا شیری منداڵان دەنێردرێت و دەگاتە سەر ڕەفەی فرۆشگاکان.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بەرپرسانی FDA دەڵێن ئەمەریکا ئەو کۆمپانیایانە لە پێشینە دادەنێت کە دەتوانن گەورەترین بڕ بەرهەم بهێنن و لە هەمان کاتدا بەڵگەنامە دەخەنەڕوو کە شیرەکەیان سەلامەتە و لەگەڵ ستانداردەکانی خۆراکدا دەگونجێن.

ئەمەریکا دووچاری کەمبوونەوەیەکی ناوازەی شیری کۆرپە بۆتەوە، ئەمەش ملیۆنان دایک و باوکی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە.

ئەم قەیرانە کە لە سەرەتادا بەهۆی کێشەی دابینکردنی پێداویستی و کەمی هێزی کارەوە بەهۆی پەتای Covid-19ەوە سەریهەڵدا، لە مانگی دووی ئەمساڵدا ڕەوشەکە خراپتر بووە. دوابەدوای داخستنی کارگەیەکی سەر بە گروپی "Abbott" لە ویلایەتی میشیگن و کشانەوەی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕەکاندا بەهۆی گومانکردن لە مردنی دوو منداڵی ساوا بەهۆی ئەم بەرهەمەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هۆکاری مردنی ئەو دوو کۆرپەلەیە بەهۆی شیری بەرهەمهێنراوی کۆمپانیاکەوە نەبووە و ئەوان بەرپرسیار نین، بەڵام باسی لە "483 کەموکوڕی" دەکات لە کارەکانی کارگەکە، بەپێی گروپی "Abbott" کە رۆژی هەینی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتیان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە "دەستبەجێ دەستی کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی چاکسازی".

وەزارەتی داد و کۆمپانیای "Abbott" لە بەیاننامەیەکی جیادا رایانگەیاندووە رێکەوتنەکە پێویستی بە رەزامەندی دادوەر هەیە.

بەڵام کۆمپانیای بەرهەمهێنەر کە پێشەنگە لە بازاڕی شیری کۆرپەلەدا، پلانی هەیە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کارگەکە لە ویلایەتی میشیگن بکاتەوە. دووپاتیکردەوە کە "گەڕانەوەی بەرهەمەکان بۆ نێو بازاڕەکان نزیکەی هەشت هەفتەی دەوێت".

لەم سەروبەندەدا گروپەکە بەردەوام دەبێت لە هاوردەکردنی شیری کۆرپە لە کارگەکەیان لە ئایرلەندا بە مەبەستی کەمکردنەوەی کەمی ئەم بەرهەمە لە بازاڕەکانی ئەمەریکادا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG