Accessibility links

حزبوڵای لوبنانی ڕەنگە زۆرینەی پەرلەمان لەدەستبدات


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی نزیک لە پارتی چەکداری حزبوڵای لوبنان ڕاگەیاند کە پێدەچێت ئەو گروپەی دۆستی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانی زۆرینە لە پەرلەمانی لوبناندا لە دەست بدەن.

هاوکاتی دانوستانەکانی نێوان گروپە جۆراوجۆرەکانی لوبنان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی حکومەت، شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی بنبەستی سیاسی و ناکۆکی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا.

هەر دواخستنێک لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتدا لەوانەیە چاکسازییە پێویستەکان بۆ کردنەوەی پشتگیرییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دوا بخات و وڵاتەکە زیاتر بخاتە ناو قەیرانێکی قووڵترەوە.

لەوەتای سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لوبنان و تەقینەوەی بەیروت ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لەو وڵاتەدا و پێدەچێت ڕکابەرەکانی حیزبوڵا، لەوانەش گروپی مەسیحی هاوپەیمانی سعودییەوە بە ناوی " هێزەکانی لوبنان" و هەروەها هەندێک لایەنی نوێی میانەڕەوی لوبنان سەرکەوتنی بەرچاو لە هەڵبژاردن و سیاسەتی ئەو وڵاتەدا بەدەست بهێنن.

ئەنجامە بەرایییەکانی هەڵبژاردنی لوبنان ئەوە پیشان دەدەن کە حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی تەنیا 64 کورسییان لە 128 کورسی پەرلەمان بەدەستهێناوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا زۆرینەی 71 کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنابوو.

گوتەبێژێکی گرووپی هێزەکانی لوبنان گوتی حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانیان لەدەستداوە و پێدەچێت هیچ گروپێک زۆرینەی پەرلەمان بەدەست نەهێنێت.

جەمیل ئەلسید، پەرلەمانتاری نزیک لە حزبوڵا کە دووبارە دەنگی هێناوەتەوە بۆ پەرلەمان، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە سیستمێکی سیاسی ناکارا بێتە ئاراوە.

لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 و سەرکەوتنی بەرچاوی حزبوڵا بوو بە هۆی کاریگەربوون و دەستێوەردانی زیاتری ئێران لە لوبناندا، بەڵام پێدەچێت ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕۆژی یەکشەممە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ سعودیە بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری زیاتری لە لوبناندا هەبێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG