Accessibility links

شاندێکی واشنتن بە سەرۆکایەتی کامەڵا هاریس سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات


سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە شاندێکی باڵای ئەمەریکا دەنێرێتە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی بۆ بەشداری لە پرسەی کۆچی دوایی سەرۆکی ئەو وڵاتە عەرەبیە. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە لاوازبووەکانی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداوی عەرەبی لێکدەدرێتەوە.

خواستی واشنتۆن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینەکانی کەنداو دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گرنگی زیاتر بووە چونکە ئەوروپا هەوڵدەدات کەمتر پشت بە گازی سروشتی رووسیا ببەستێت و زیاتر پشت بەوڵاتانی عەرەبی و شوێنەکانی دیکە.

لە کۆتایی هەفتەوە سەرکردەکانی جیهان سەردانی ئیمارات دەکەن بۆ سڵاوکردن لە ڕێبەری نوێ شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان و ڕێزگرتن لە کۆچی دوایی سەرۆک خەلیفە بن زاید.

شاندی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک کامەڵا هاریس، نزیکەی هەموو یاریدەدەرە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی بایدن لەخۆ دەگرێت، لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندییەوە تا بەرپرسانی پلە بەرزی کۆشکی سپی.

عومەر تاشپینار، پسپۆڕی سیاسەت لە پەیمانگای بروکینگز دەڵێت: "ئەمە هێرشێکی گەورەی دڵبردنە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بایدن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان".

دەوڵەتانی کەنداو تا ئێستا ئامادە نەبوون لە ململانێی ئۆکرانیادا لایەنگر بن. سعودیه‌ و ئیمارات، وەکو دوو زلهێزی ڕێکخراوی ئۆپێك، به‌ره‌نگاری داواكان بۆ زیادکردنی به‌رهه‌مهێنانی نەوت بۆ یارمه‌تیدان لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نه‌وتی خاو بوونەتەوە. زیادبوونی نرخی نەوت بۆتە هۆی زیادبوونی هه‌ڵاوسانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن پێکهاتەی شاندەکە ڕەنگدانەوەی خواستی واشنتۆنە بۆ نیشاندانی پابەندبوونی خۆی بە ناوچەکە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هاریس جەخت لەسەر نیازی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکاتەوە لە تەواوی بوارەکاندا لە ئاسایش و کەشوهەوا تا بۆشایی ئاسمان و وزە و بازرگانی.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پیشینەی سیاستەکانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن نەبووە. سەرنجی سەرەکی ئەم ئیدارە دیموکراتە سەنگی کردۆتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەنگاری چین و لە مانگی دووەوە شەڕی ئۆکرانیا گەورەترین بەشی سیاسەتی دەرەوەی بایدنی داگیرکردووە.

تاشپینار لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی شتەکان بخرێنەوە سەر ڕێڕەوی خۆیان دوای بێزاربوونی ئیمارات لە ئەمەریکا بەهۆی نەبوونی سەردانی ئاست باڵا لە دوای هێرشەکانی حوسییەکانەوە."

ئیماراتییەکان بە تایبەتی بێزار بوون لە نەبوونی پشتیوانییەکی بەهێزی ئەمەریکا دوای هێرشە مووشەکییەکانی مانگی یەکی حوسییەکانی دۆستی ئێران بۆ سەر ئەبوزەبی پایتەختیان.

لە دانپێدانانێکی دەگمەنی گشتیدا لە مانگی سێ، نوێنەری ئیمارات لە واشنتۆن گوتی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە ژێر فشاردان.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بایدن شێخ محەمەدی ناڕەحەت کردووە بەوەی دوای هێرشەکان خێراتر پەیوەندی نەکردووە و وەڵامی زۆرتری نەداوەتەوە، لەوانەش گەڕاندنەوەی حوسییەکان بۆ لیستی تیرۆر دوای ئەوەی ئەم ئیدارەیە لە لیستەکەی دەرهێنابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سیاسەتمەدارانی ئیمارات دەڵێت: "پلە باڵا و قەبارەی شاندەکەی ئەمەریکا ئاماژەیەکی زۆر دەنێرێت و بۆ شێخ محەمەد و سەرکردایەتی ئیمارات مانادار دەبێت".

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شێخ محەمەد لە مەغریب مانگی سێ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دڵنیایی بە سەرۆکی ئیماراتدا لە پابەندبوونی واشنتۆن بە ناوچەکە.

دەوڵەتانی کەنداو لە بەرامبەر بەرنامەی مووشەکی ئێران و تۆڕی بریکارەکانی لە ناوچەکە نیگەران بوون لە کەمبوونی پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی وڵاتەکانیان.

ئیمارات لە هەمان کاتدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لەگەڵ تاراندا لە پەیوەندیدایە. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران بچێتە ئەبوزەبی.

هەروەها ئەبوزەبی و ڕیازی پایتەختی سعودییە بەهۆی مەرجەکانی فرۆشتنی چەکی ئەمەریکاوە بێزار بوون. لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئیمارات رایگەیاندبوو، دانوستانەکان لەسەر کڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ دروستکراوی ئەمەریکا ڕادەگرێت بەهۆی ئەو مەرجانەی ئەمەریکا دایناون.

میرنشینەکە دەڵێت ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی دەمێنێتەوە تەنانەت لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا قووڵتر دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئیمارات دەڵێت "پێشکەوتن هەیە، بەڵام زیاتریش دەکرێت. میرنشینە یەکگرتووەکان عەرەب دەیەوێت پەیوەندییەکی نزیکتر و ڕوونتری لەگەڵ ئەمەریکادا هەبێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG