Accessibility links

تورکیا لەگەڵ سوید و فینلاند سەبارەت بە ئەگەری ئەندامێتیان لە ناتۆ کۆدەبێتەوە


وەزیرانی دەرەوەی فینلاند و سوید و تورکیا ڕۆژی شەممە لە بەرلین گفتوگۆیان کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر پلانەکانی فینلاند و سوید بۆ ئەندامبوونیان لەناو ناتۆدا.

وڵاتانی باکوری ئەورووپا خەریکی ئامادەکردنی خۆیانن بۆ ئەندامبوون لە ناتۆدا، و ئەمەش لەگەڵ هەڕەشەی مۆسکۆ و ناڕەزایەتی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ ڕووبەڕوو بووتەوە.

مەولوود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی گەیشتنی بۆ بەرلین بە پەیامنێرانی گوت ئەوە "قبوڵنەکراو و جێگای تووڕەیە" کە ئەو وڵاتانەی داوای ئەندامێتی لە ناتۆدا دەکەن، پشتگیریان لە پەکەکە کردووە.

چاوش ئۆغڵۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆژی شەممە لەگەڵ هاوتا سویدی و فینلاندییەکەی قسە دەکات، گوتی "کێشەکە ئەوەیە کە ئەو دوو وڵاتە بە ئاشکرا پشتگیری لە پەکەکە و یەپەگە دەکەن، و ئەوانە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن کە هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر سەربازەکانمان."

ئەو گوتیشی زۆرینەی زۆری خەڵکی تورکیا دژی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتانەن و داوامان لێدەکەن ڕیگە لەم ئەندامێتییە بگرین.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە تورکیای ئەندامی ناتۆ پشتگیری لە پلانەکانی سوید و فینلاند ناکات بۆئەوەی ببن بە ئەندامی ناتۆ، هەروەها گوتیشی وڵاتانی باکوور "ماڵی زۆرێک لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن."

هەرچەندە تورکیا کە لە 70 ساڵ لەمەوبەرەوە پەیوەندی بە ناتۆوە کردووە بە فەرمی پشتگیری لە بەرفراوانکردنی ناتۆ کردووە، بەڵام دژایەتییەکەی دەتوانێت کێشەیەک بۆ سوید و فینلاند دروستبکات لە کاتێدا ئەندامە نوێیەکان پێویستیان بە کۆدەنگی ڕێکەوتن هەیە لەو بارەیەوە.

یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ کە بە هۆی تووشبوونییەوە بە کۆڤید ناتوانێت لە دانیشتنەکەی بەرلیندا بەشداری بکات، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فینلاندییەکان "بە گەرمی پێشوازیان لێدەکرێت"، و بەڵێنی دابوو کە پرۆسەی ئەندامێتییەکەیان "ڕێکوپێک و خێرا" بەڕێوەبچێت و هەروەها واشنتۆنیش پشتیوانی لەو ئەندامێتیە دەکات.

بەڵام تورکیا چەندین جار ڕەخنەی توندی لە سوید و وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژئاوا گرتووە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کە لەلایەن ئەنکەرە بە تیرۆریست دادەنرێت، لە نێویاندا گروپەکانی کوردەکانی پەکەکە و یەپەگەیە، هەروەها شوێنکەوتوانی فەتحوڵا گولەن، پیاوە ئاینییە ئیسلامییەکە کە بنکەی لە ئەمەریکایە .

XS
SM
MD
LG