ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا ڕۆژی شەممە لە زاری ئەلێکساندەر گراشکۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایانگەیاند ئەگەر ناتۆ هێز و ژێرخانی ئەتۆمی لە سنووری ڕووسیا نزیکتر جێگیر بکات، مۆسکۆ ڕێوشوێنی خۆپارێزی گونجاو دەگرێتەبەر.
ئاژانسی ئینتەرفاکس لە زاری گراشکۆوە بڵاویکردەوە "وا پێویست دەکات وەڵام بدرێتەوە، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی گونجاو کە توانای خۆپارێزی مسۆگەر بکات."
هەروەها گراشکا گوتیشی "مۆسکۆ هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی نییە بەرامبەر بە فینلاند و سوید، هاوکات هیچ هۆکاری "ڕاستەقینە" لە ئارادا نیە بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی بە هاوپەیمانیەتی ناتۆوە بکەن."
هەروەها ئەو لێدوانەی پێشووی کرێملنی دووپاتکردەوە کە وەڵامی مۆسکۆ بۆ ئەگەری فراوانبوونی ناتۆ پەیوەستە بەوەی کە هاوپەیمانییەکە چەندە بابەتە لەشکرییەکان بەرەو ڕووسیا دەجوڵێنێت و چ ژێرخانێک بڵآوەپێدەکات.
پلانی فینلاند بۆ داواکردنی ئەندامێتی لە ناتۆ کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیەندرا و کە وا چاوەڕوان دەکرێت سویدیش ئەو داوایە بکات، دەبێتە هۆی بەرفراوانبوونی هاوپەیمانی سەربازی ڕۆژئاوا کە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا لە هەوڵی ئەوەدا بووە ڕێگری لێبکات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز