Accessibility links

پیاوە بەهێزەکەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب شێخ محەمەد بن زاید بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا


ئاژانسی هەواڵی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان لە لایەن ئەنجومەنی باڵای فیدڕاڵی یەکێتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب وەک ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە کۆچی دوایی سەرۆکی پێشوو شێخ خەلیفە بن زاید ئەلنەهیان.

ئاژانسەکە رایگەیاند بە پێی بەندی 51ی دەستوور شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب هەڵبژێردرا و بوو بە جێگرەوەی شێخ خەلیفە بن زاید ئەلنەهیان.

شێخ محەمەد پێزانینی خۆی بۆ ئەو متمانە بە نرخەی براکانی لە شێخەکانی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی میرنشینەکە پێیاندا دەربڕی.

هەڵبژاردنی شێخ محەمەد بن زاید پێشبینی کرا بوو، بەهۆی ئەو پێگە فەرمیەی هەیەتی وەک حاکمی بەڕێوەبەری ئەو وڵاتەی کەنداو کە بە نەوت دەوڵەمەندە.

چەند ساڵێکە شێخ مەحەمەد بن زاید وەک پیاوێکی بەهێزی دەوڵەت و حاکمێکی دروست لە پشت سەرکەوتنی دیپلۆماتی وڵاتەکەیەوە دەبینرێت، بەتایبەتی دوای نەخۆش کەوتنی شێخ خەلیفە کە ناچاری کرد لە بازنەی دەسەڵات دووربکەوێتەوە، لەوەتای ساڵی 2014 بە دەگمەن لە بۆنەکاندا دەردەکەوت.

محەمەد بن زاید پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمان هەیە. هەردوولایان لە مانگی 6ی ساڵی 2017دا پەیوەندیان لەگەڵ قەتەر بچڕاند بە تۆمەتی نزیکبوونەوەی لە ئێران و پشتیوانیکردن لە گروپی ئیخوان موسلمین.

لە سایەی ڕابەرایەتی ئەودا ئەبوزەبی پەیوەندی بازرگانی و سیاسی لە ناوچەکە لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام لایەنگری ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیەی کردووە دژ بە ئێران.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG