Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە مەترسییەکانی بەرپابوونی برسیەتی بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا


ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانی قووڵی لەمەڕ مەترسی بڵاوبوونەوەی برسیەتی لە جیهاندا دەربڕی و گوتی جەنگ لە ئۆکرانیا هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکات.

گوترێس باسی لەوەش کرد گفتوگۆکانیان بەردەوامن لەگەڵ ڕاوێژکاری نەمسا و وەزیری دەرەوە لە ڤیەننا سەبارەت بە گواستنەوەی زیاتری خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا، هەروەها پێشبینی دەکەن کە خەڵکی زیاتر لە داهاتوودا لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە بگوازنەوە.

جەنگ لە ئۆکرانیا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە، ڕۆن، سووتەمەنی و پەین لە جیهاندا، لەگەڵ ئەوەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری ئەوەیان دا کە بەرزبوونەوەی نرخەکان قەیرانی خۆراک لە ئەفریکا خراپتر دەکات.

هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی دووەوە بۆتە هۆی پەکخستنی ڕێگای گواستنەوەی سەرەکی لە دەریای ڕەشدا، کە بە ڕێگایەکی سەرەکی ئاوی دادەنرێت بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە و کەلوپەلەکانی تر، هەروەها هەناردەکردنی لە ئۆکرانیا و ڕووسیا پەکخستووە.

گوترێس لە لێدوانێکی ئەم دواییانەیدا گوتی کاتی ئەوە دێت کە دانوستانی ئاشتی لەسەر ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو کاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا نابینم.

گۆترێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلین سەرۆکی نەمسا گوتی "ئەم شەڕە بۆ هەتاهەتایە بەردەوام نابێت" کاتێک دەبێت دانوستانی ئاشتی ئەنجام بدرێت." بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە نابینم تەنها دەتوانم یەک شت بڵێم کە ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG