Accessibility links

شەڕی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر کۆنفرانسی یارمەتییە داراییەکان بۆ سوریا دەبێت


بەخشەرانی نێودەوڵەتی ڕۆژی سێشەممە لە برۆکسل شەشەمین کۆنفرانسی خۆیان لەسەر سوریا ئەنجامدا و ڕایانگەیاند کە نابێت خەڵکی سوریا لە بیربکرێن تەنانەت لە کاتێکدا کە جەنگی ئۆکرانیا سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند، "پێدەچێت ڕای گشتی جیهان لە یەک کاتدا توانای مامەڵە کردنی لەگەڵ زیاتر لە قەیرانێکدا نەبێت."

کۆنفرانسی بەخشەران ساڵی ڕابردوو بڕی 6.4 ملیار دۆلاریان بۆ یارمەتیدانی سوریا و وڵاتانی دراوسێی کە میوانداری پەنابەرانی سوریا دەکەن کۆکردبووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پارەکە نەچێت بۆ حکومەتی سوریا.

لەو کۆنفرانسەدا نزیکەی 70 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بەشدار بوون.

بۆرێل یەک ملیار یۆرۆی بۆ ساڵی 2022 ڕاگەیاند و بەم شێوەیەش کۆی گشتی یارمەتییەکانی بۆ ئەمساڵ گەیاندە 1.56 ملیار یۆرۆ.

شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 وە دەستی پێکرد و ئێستاش 12ساڵە بەردەوامە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس تێیدا کوژراون.

جێنی ئۆڵسۆن وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کە بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا گوتی، " بێگومان قەیرانەکانی ئۆکرانیا سەرنجی زۆری جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە."

گوتیشی "بەڵام ئێمە سوورین لە پشتیوانییکردنی خەڵکی سوریا."

بە گوێرەی ڕێکخراوی یونیسێف، 9,3 ملیۆن منداڵی سوری لە ناو وڵات و دەرەوەی وڵات پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG