Accessibility links

یونسێف: جەنگی ئۆکرانیا کاریگەری دەروونی خراپی لەسەر منداڵان هەیە


ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یونسێف دەڵێت جەنگی ئۆکرانیا کاریگەری خراپی لەسەر لایەنی دەروونی منداڵان هەیە و زیاتر لە دەیان هەزار منداڵ پێویستیان بە چاودێری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە.

زیاتر لە 2 مانگە ملیۆنان منداڵ لە ئۆکرانیا لە ژێر بۆمبارانی بەردەوامدان، هەروەها لە نێو کەمی خۆراک و نەبوونی خوێندنگا و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەکییەکاندا دەژین.

ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایانگەیاند زیاتر لە 6800 قوربانی سیڤیڵ هەیە، لەوانە زیاتر لە 3300 کوژراون. نزیکەی 7.7 ملیۆن کەس لەناو ئۆکرانیادا ئاوارە بوون و زیاتر لە 5.7 ملیۆنیش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوانەش نزیکەی 3/1 یان منداڵانن.

بەر لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا لە 24 مانگی 2دا زیاتر لە 90 هەزار منداڵ لە دامەزراوە تایبەتیەکانی چاودێری منداڵ و خوێندنگا و شوێنە جیاوازدا دەژیان، کە نزیکەی نیوەیان منداڵی کەم ئەندامبوون.

ئارۆن گینبیرگ ڕاوێژکاری یونسێف بۆ پاراستنی منداڵ لە ناوچەی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا لە شاری لڤیڤەوە گوتی "لەوەتای بەرپابوونی جەنگ، زیاتر لە 140 هەزار منداڵ لە لایەن ئەوانەی لە بواری خزمەتگوزاری منداڵاندا کاردەکەن یارمەتی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتیان وەرگرتووە." گوتیشی یونسێف لە ئێستادا زیاتر لە 56 یەکەی گەڕۆکی هەیە کە لە سەرانسەری وڵاتدا کاردەکەن، لەوانە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە شەڕێکی چڕی تێدایە.

هەروەها گوتی "توانراوە یارمەتی بە 7 هەزار ژن و منداڵ بگەیەنرێت لە ڕێگای خزمەتگوزاری و دوورخستنەوەیان لە توندوتیژی و مەترسی، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا.

گوتیشی بەڵام ئەمە بەس نیە، سەرباری ئەوەی ئێمە بە ئەوپەڕی توانا و خێراییەوە کاردەکەین، دەبێت ئامادەبین بۆ خزمەتگوزاری زیاتر تایبەت بەو منداڵانەی لە توندوتیژی جەستەیی و سێکسی ڕزگاریان بووە.

گرینبرگ ئاماژەی بەوەشدا کە منداڵانی کەم ئەندام بەشێوەیەکی جیاواز لەم جەنگەدا گرفتیان بۆ دروستبووە و دەبێت پشتیوانی خێرا بکرێن. گوتیشی یونسێف بە هاوبەشی حکومەتەکان ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو منداڵانەی بێ توانا و لاوازن فراونتر دەکەن.

XS
SM
MD
LG