Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت سەرجەم ئەو ژن و منداڵانەی لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستال لە ماریوپول گیریان خواردبوو گوازرانەوە


جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە گوتی هەموو ئەو ژن و منداڵ و بەساڵاچووانەی لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستال لە ماریوپول گیریان خواردبوو ڕزگارکران و گوازرانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەفسەرانی سەربازی دەڵێن هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کارگەکە بەردەوامە.

ئایرینا ڤێرشچوک جێگری سەرۆک وەزیران لەسەر تێلێگرام، نوسیویەتی "ئەم بەشە لە ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکەی ماریوپول کۆتایی هات."

کارگەی پۆڵای سەردەمی سۆڤیەت کە دوا قەڵای هێزەکانی ئۆکرانیایە لە ماریوپول وەک هێمای بەرگری لە هەوڵە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بۆ دەستبەسەراگرتنی ناوچە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دەردەکەوێت.

فەرماندەیی سەربازی ئۆکرانی گوتی سەربازە ڕووسییەکان کە لەلایەن تانک و تۆپەوە پشتگیری دەکرێن دووبارە هەوڵیاندا لە ڕۆژی شەممەدا هێرش بکەنە سەر کارگەی پۆڵای ئازۆڤستال.

ماریوپول کە بەندەرێکی ستراتیژییە لە باشووری دەریای ئازۆڤ، دووچاری توندترین گەمارۆ بۆتەوە لەو جەنگەی ڕووسیادا کە 10 هەفتەییە بەردەوامە، کارگەی زەبەلاحی پۆڵای ئازۆڤستاڵ، کە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، دواین بەشی شارەکەیە کە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.

پڕۆسەی گواستنەوەکە بۆ گواستنەوەی سەدان کەس کە لە نێو تونێل و ژێرزەمینی کارگەکەدا خۆیان حەشارداوە، هەفتەی ڕابردوو بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد. بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەهۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕەوە پڕۆسەکە ڕاگیرا بوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG