Accessibility links

ئۆکرانیا هەوڵی ڕزگارکردنی ئەوانە دەدات کە لە کارگەی پۆڵاکەی ماریوپول گیریان خواردووە


ئۆکرانیا ڕایگەیاند رۆژی هەینی هەوڵێکی نوێ دەستیپێکرد بۆ گواستنەوەی دەیان کەسی مەدەنی کە لە نێو کارگە پۆڵا وێرانبووەکەی ماریوپول دا گیریان خواردووە، دوا ئەوەی شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیادا رۆژێک پێشتر شکستی بە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی ئەو خەڵکە بۆ شوێنێکی سەلامەتتر هێنابوو.

ماریوپول کە بەندەرێکی ستراتیژییە لە باشووری دەریای ئازۆڤ، دووچاری توندترین گەمارۆ بۆتەوە لەو جەنگەی رووسیادا کە 10 هەفتەییە بەردەوامە. کارگەی زەبەلاحی پۆڵای ئەزۆڤستاڵ، کە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، دواین بەشی شارەکەیە کە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.

پڕۆسەی گواستنەوەکە بۆ گواستنەوەی سەدان کەس کە لە نێو تۆرێک تونێل و ژێرزەمینی کارگەکەدا خۆیان حەشارداوە، هەفتەی ڕابردوو بە نێوەنەدگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد. بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەهۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕەوە پڕۆسەکە ڕاگیرا.

ئاندرێ یرماک، سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، گوتی "قۆناغی داهاتوو بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەمان لە ئازۆڤستال لەم ساتەدا بەڕێوەدەچێت. دواتر زانیاری لەسەر ئەنجامەکان بڵاودەکەینەوە". بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری باس نەکرد.

لەم دواییانەدا دەسەڵاتداران لە ماریوپول هێزەکانی ڕووسیایان تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە کارگەی پۆڵاکە و تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلێکی بەشدار لە هەوڵی گواستنەوەی هاوڵاتیان و لە ئاکامدا سەربازێکی ئۆکرانی کوژرا و شەش کەسی دیکە برینداربوون. ڕووسیا دەستبەجێ لێدوانی لەسەر ئەو بەیاننامەیە نەدا کە لە ماڵپەری ئەنجومەنی شارەکەدا بڵاوکرابۆوە.

ڕووسیا بەهێزترین هێز و چەکی لەشکری خۆی بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا ناردووە، دوای ئەوەی نەیتوانی لە هەفتەکانی سەرەتای شەڕەکەدا کیێڤی پایتەخت بگرێت.

ئەم هەڵمەتە لەشکرییە نوێیەی ڕووسیا ئامانج لێی سنوردارکردنی پەیوەندی ئۆکرانیایە بە دەریای ڕەش کە گرنگە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە و کانزاکان و بەستنەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتەوە بە کریمیاوە کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 داگیری کرد.

مۆسکۆ کردارەکانی بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناودێر دەکات بۆ چەکداماڵینی ئۆکرانیا و پاکتاوکردنی ئەو ناسیۆنالیزمە دژە ڕووسیایانەی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە هاندەدەرێن. ئوکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا شەڕێکی بێ پاساوی دەستدرێژیکارانەی دەستپێکردووە و لەوەتەی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا دەستیپێکردووە زیاتر لە 5 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG