ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئامنستی ئینتەرناشناڵ) رۆژی هەینی رایگەیاند بەڵگەی بەهێزی لە بەردەستدایە کە هێزەکانی رووسیا مانگی دوو لە نزیک پایتەختی ئۆکرانیا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.
ڕاپۆرتەکەی ئامنستی دەڵێت کوشتن لە دەرەوەی یاسا و تەقەکردنی بێ باکانە و ئەشکەنجەندان بەشێک بوون لەو تاوانانەی هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچەیە ئەنجامیان داوە کاتێک لە ژێر دەستیاندابوو.
دۆناتێلا رۆڤێرا، راوێژکاری وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی رێکخراوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کیێڤ رایگەیاند، "ئەمانە ڕووداوی تاک و تەرا نین. بەشێکن لە هەڵسوکەوتێکی دووبارەی هێزە رووسییەکان لە هەر جێگایەک کۆنترۆڵیان بەسەردا هەبووبێت."
رووسیا، کە داگیرکردنی ئۆکرانیا بە "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت" ناودەبات بۆ داماڵینی ئۆکرانیا لە چەک و "پاککردنەوەی لە نازییەکان،" نکۆڵی لە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لە ئۆکرانیا دەکات.
ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن تۆمەتی "نازیبوون"ی ئۆکرانیا بێبنەمایە و رووسیا دروستیکردووە تا شەرعیەت بە داگیرکارییەکەی بدات.
هێزەکانی ئۆکرانیا دەڵێن لێکۆڵینەوە لە 9000 تاوانی جەنگ دەکەن کە هێزەکانی رووسیا ئەنجامیانداوە. دادگای تاوانی نێودەوڵەتیش دەڵێت لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا دەکات.