هەڵاوسانی ئابوری ساڵانەی تورکیا لە مانگی 4 دا بە ڕێژەی لە 69.97٪ بەرزبۆوە، بەپێی داتاکانی ڕۆژی پێنجشەممە پاش داڕوخانی لیرەی تورکی لەساڵی ڕابردوودا و ئێستاش هاوپەیوەند بە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کاڵاوە بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بەرزترین هەڵئاوسانی بەخۆیەوە بینیوە.
بەرزبونەوەی نرخەکان لەماوەی ساڵێکی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بۆتەهۆی تەنگەتاوکردنی خێزانەکان کە ئەو بارودۆخە پەردە لەسەر حکومڕانی دووردرێژی سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لادەدات.
ئەردۆغان لە ساڵی 2003دا یەکەم جار وەک سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی گرتەدەست بەرلەوەی وڵات بگۆڕدرێت بۆ سیستمی سەرۆکایەتی و ساڵی ڕابردووش دابەزاندنی نرخی ڕێژەی قازانجی نائاسایی لە ژێر گوشاردا بووە جێی ڕەخنە و لۆمە کردن کە بووەهۆی زیادلەڕادە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی ئابووری.
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای هەژمارکردنی تورکیا نرخی بەکاربەران مانگانە بە ڕێژەی 7.25٪ بەرزبۆتەوە، بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەکی ڕاپرسییەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە نزیکەی 6٪ بووە ساڵانە، پێشبینی دەکرا هەڵئاوسانی نرخی بەکاربەر بگاتە لە 68٪.
داتاکان دەریانخست کە بەرزبوونەوەی نرخی بەکاربەران بە بازدانێکی 105.9٪ لە کەرتی گواستنەوە کە نرخی وزەش دەگرێتەوە و بەرزبوونەوە بە ڕێژەی لە 89.1٪ لە نرخی خواردن و خواردنەوە نا کحولیەکانیشی گرتۆتەوە.
بە شێوەیەکی مانگانە، نرخەکان بۆ خواردن و خواردنەوەی نا کحولییەکان بەرزبۆتەوە بە ڕێژەی لە 13.38٪ و نرخی خانو لە 7.43٪ بەرزبۆتەوە.
پاش بڵاوکردنەوەی زانیاری داتاکان بەهای لیرە لەسەدا 0.9 دابەزی واتە 14.8525 بەرامبەر بە بەهای دۆلار.
بڕیارە لە مانگی 6 ی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدەن و ڕاپرسییەکان پیشانی دەدەن کە پشتیوانیکردنی ئەردۆغان لە پاشەکشێدایە.
سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز