Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی باڵیۆزی ڕووسیا لەسەر کەرتی گەشتیاری ئێران دەداتەوە


یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵامێکی ناڕاستەوخۆیدا بۆ لێدوانەکانی باڵیۆزی ڕووسیا لە تاران لەبارەی ئاستەنگەکانی ڕاکێشانی گەشتیارانی ڕووسیا بۆ ئێران ڕایگەیاند کێشەکە لە لاوازی ژێرخانی ئابوورییە، نەک نەبوونی شوێنەکانی ئارەق خواردنەوە.

لێڤان جاگەریان ڕاگەیاندبوو سەرەڕای زۆربوونی شوێنە گەشتیارییەکانی ناو ئێران، بەڵام ئەو وڵاتە بە پێچەوانەی تایلەند و ئیمارات و تورکیا و وڵاتانی دیکە، بە هۆی حیجاب زۆرەملێ و کۆت و بەندەکانی جل پۆشین تەنانەت لە وەرزی گەرماشدا و هەروەها قەدەغەی خواردنەوەی کحولیەکان هیچ کات گەشتیارێکی ڕووسی ڕووی تێناکات.

ڕەسوڵ موسەوی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تویتەری خۆیدا گوتی "جێگا سەرەکییە گەشتیارییەکانی ئێران مەرقەد، کلتور، هونەر، مێژوو و شارستانییەتی ئێرانە."

موسەوی گوتیشی "کێشەی سەرەکی پیشەسازی گەشتیاریمان لاوازی ژێرخانی ئابووری و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانە نەوەک نەبوونی شوێنەکانی ئارەق خواردنەوە."

بەپێی ڕاپۆرتەکان لەگەڵ دابەزینی دراوی نیشتمانی ئێراندا، ئەو وڵاتە لە ئیستادا لەنێوان 140 وڵاتدا هەرزانترین شوێنی گەشتیارییە، هاوکات هەندێک لە چالاکوانانی بواری گەشتیاریش دەڵێن ئێران لەڕیزی 10 وڵاتی جیهاندایە لە ڕووی گەشتیارییەوە.

گاردیان لە راپۆرتێکی مەیدانی ساڵی 2015 ئاماژەی بە پرسی لەشفرۆشی لە شاری مەشهەدی ئێران کرد کە چۆن خەڵکی عێراق بە هۆی هەرزانییەوە سەردانی ئێران دەکەن و بە پارەیەکی کەم لە ئیران دەتوانن ژوورەکان بە کرێ بگرن.

کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئێران و عێراق ماوەیەک پێش ئێستا ڕێککەوتن لەسەر ڕێکخستنی گەشتی تاکەکەسی بۆ گەشتیارانی عێراقی بۆ ناو ئێران بە نرخێکی هەرزان.

XS
SM
MD
LG