شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا بووەتەهۆی دروستبوونی لێکۆڵینەوەیەکی پەرلەمانی ئیتالیا لە دەزگاکانی راگەیاندنی وڵاتەکەی. لە ئیتالیا، دیبەیتێکی گەرم دروستبووە لەسەر بانگهێشتکردنی میوانی رووس بۆ سەر تەلەفزیۆنەکانیان و بڵاوکردنەوەی "زانیاری هەڵبەستراو" لەبارەی شەڕی ئۆکرانیاوە.
لیژنەی ئاسایشی کۆمار لە پەرلەمانی ئیتالیا، کە سەرپەرشتی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە دەکات، بە لێکۆڵینەوەکە هەستاوە. رۆژی چوارشەممە، ئەو لیژنەیە گوتی داوای لە بەرێوەبەرانی کەناڵەکانی وڵاتەکە، ئاژانسەکانی ئاسایشی دەوڵەت، و چاودێرێکی پەیوەندییەکان کردووە بچن بۆ بەردەم لیژنەکە.
لیژنەکە گوتی لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر "دەستێوەردانی دەرەکی و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵبەستراو کە پەیوەندی بە ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە هەیە."
هەرچەندە حکومەتی ئیتالیا پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکات و هەڵوێستی دژی مۆسکۆ توندە، راپرسییەکان نیشانیدەدەن بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە وەکو بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، کەم خەڵکی ئیتالیا پاڵپشتی بیرۆکەی ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەکەن.
کەناڵی نیشتیمانی ئیتالیا RAI و چوار کەناڵە سەرەکییەکەی دیکەی وڵات زۆرجار رۆژنامەنووسی رووس بانگهێشتی بەرنامەکانیان دەکەن تا دیبەیت لەسەر شەڕەکە بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی قوڵکردنەوەی جیاوازییەکان لە وڵاتەکەدا.
لەکاتێکدا هەندێک دەڵێن شتێکی دروستە کە بۆچوونی هەردوولا وەربگیرێت، هەندێکی دیکە دژی ئەوەن "پروپاگەندەچی" رووس بچێتە سەر تەلەفزیۆنەکانیان.
دیبەیتەکان چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گەرمتر بوون کاتێک وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ کەناڵی تایبەتی ئیتالیا Rete 4 ی هەڵبژارد بۆ یەکەم دیداری تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵێکی ئەروپیدا لەوەتەی شەڕەکە دەستی پێکردووە.
رەخنەگران دەڵێن رۆژنامەنووسەکە لاڤرۆڤی رووبەڕووی پرسیاری توند نەکردۆتەوە و قسەی پێنەبڕیووە. هەندێکی دیکە دەڵێن وەزیرە رووسەکە نەدەبوو هەر دیداری لەگەڵدا بکردرایە. تەنانەتی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە ماریۆ دراگی رۆژی دواتر لەسەر دیدارەکە قسەیکرد و گوتی دیدارێکی "زۆر باش نەبوو."
لە ئیتالیا، نەریتی رووبەڕوو بوونەوەی توندی سیاسەتمەدارەکان لە دیدارە تەلەفزیۆنییەکاندا بوونی نییە بەو شێوەیەی لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوادا دەبینرێت.
هەندێک پسپۆڕی ئیتالی رەتیانکردۆتەوە بچنە سەر تەلەفزیۆنەکانی وڵاتەکەیان وەکو نارەزایی دەربڕینێک دژی بڵاوکردنەوەی "پروپاگەندەی" رووسەکان لەسەر تەلەفزیۆن. یەکێک لەو کەسانە ناتالی تاجی، بەرێوبەری پەیمانگای ئیتالیایە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی. دەڵێت، "نایەوێت ببێتە یارمەتیدەر بۆ [بڵاوکردنەوەی] زانیاری هەڵبەستراو."
سەرچاوە: رۆیتەرز