Accessibility links

عوسمان کەڤالا: فشارە سیاسییەکان بوونەهۆی سەپاندنی بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بەسەرمدا


پیاوە خێرخوازەکەی تورکیا عوسمان کەڤالا کە بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵیداوە بۆ ڕووخاندنی حکومەت لەڕێی کۆمەککردنی دارایی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە سزاکە پێشێلکردنی ستانداردی یاساییە و ڕەنگدانەوەی فشاری سیاسیە لەسەر دادگا.

هەفتەی ڕابردوو دادگایەک لە ئیستەنبوڵ سزایەکی یاسایی سەپاند بەسەر کەڤالا دا، لەسەر ئەم دۆسێیە دادگای باڵای ئەوروپا و هێزە ڕۆژئاواییەکان ڕایانگەیاند کە هاندەری سیاسی لە پشتەوەیە.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەنکەرە بە واشنتۆنیشەوە داوایان کرد کۆتایی بهێنن بە دەستبەسەرکردنی کەڤالا.

کەڤالا لە راگەیەندراوێکدا وتی "بڕیارەکە زۆردارانە بووە و پێچەوانەی پێوەرە یاساییەکانە و لەژێر فشاری سیاسیدا دراوە."

هاوکات وڵاتانی دیکەش بە ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیاوە ئەو بڕیاری دادگایە وەک هەوڵێکی حکومەتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەبینن بۆ بێدەنگکردنی ڕکابەرەکان.

وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغلۆ ڕۆژی سێشەممە بە پەیامنێرەکانی ڕاگەیاند کە ڕۆژئاوا سەنگی خستۆتە سەر بڕیاری دادگاکە لەریی پارەدان و بەکارهێنانی چالاکوانەکەی مافی مرۆڤەوە.

چاوشئۆغڵو وتیشی "ئەنکەرە لە کاردانەوەکانی سزاکەی کاڤەلا تێدەگات" ئەو کەسەی کە کۆمەکی دارایی کردووە و بەکاریهێناوە چووەتە ناو زیندانەوە".

پاش دوو ڕۆژ لە بڕیارەکەی دادگا ئەردۆغان لێدوانێکی داو، لە قسەکانیدا کەڤالای بە جۆرج سۆرۆسی تورکیا ناوبرد؛ وەک ئاماژەیەک بە ملیاردێرە خێرخوازە ئەمەریکاییەکە و ڕێکخەری کردووە بۆ خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی لەساڵی 2013دا.

کەڤالا ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو لەپشت خۆپیشاندانەکانەوە بووبێت و سۆرۆس کۆمەکی دارایی کردبن، خۆپیشاندانەکان وەک خۆپیشاندانێکی بچووک لە پارکێکی ئیستەنبول دەستیان پێکرد و تەشەنەی سەند و بووبە ناڕەزایەتی دژی حکومەت لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.

کەڤالا لە راگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاند " لە ڕێی لێدواانەکانەوە هەوڵدراوە پاساوبهێننەوە بۆ ئەو بڕیاری دادگایە کە گوایە من لایەنگری سۆرۆسم، کە لە ڕاستیدا من خۆپیشاندانەکانی گەزیم ڕێک نەخستووە".

هەروەها وتیشی "بێمانایە سۆرۆس یان هەر لایەنێکی دەرەکی دیکە هاوپەیوەند بکەیەت بەو خۆپیشاندانانەی کە سەدان هەزار هاوڵاتی ئێمە دژی مامەڵەی نادیموکراسی و لەپێناو دادپەروەری و داوای ئازادیدا ڕژابوونە سەر شەقامەکان."

کەڤالا وتیشی: "دادگاییەکەی گەزی دۆخی دادوەری ئاشکرا کرد و هاوڵاتیانی زیاتر خستە بەردەم مەترسی گەورەی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانی دەسەڵاتی دادوەری لە ئاوەها هەلومەرجێکدا."

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG