موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە هەوڵێکی نوێیدا بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشە چەقبەستووە سیاسییەکەی عێراق داوا لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆی وڵاتەکە دەکات حکومەت پێکبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش 15 ڕۆژیان پێ دەدات.
سەدر کە ڕەوتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکیدا لە تویتەر دەڵێت " پاش وتووێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە گەورەترین هاوپەیمانێتیدا، دەڵێم؛
لە پرۆسەی ئێستای سیاسیدا سێ لایەن هەن،
لایەنی یەکەم، گەورەترین هاوپەیمانێتی نیشتمانییە (هاوپەیمانێتی ڕزگارکردنی نیشتمان) کە سەرپەرشتیاری زۆرینەی نیشتمانییە، بەڵام بەهۆی بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیەوە بۆ کاراکردنی یەک لەسەر سێی پەکخەر، پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی عێراق دواکەوتووە.
لایەنی دووهەم، چوارچێوەی هەماهەنگییە و داوای پێکهێنانی حکومەتێک دەکات لەسەر بنچینەی ڕێککەوتن. دەرفەتی 40 ڕۆژمان دا بەم لایەنە و شکستی هێنا لەوەی حکومەت لەسەر بنچینەی ڕێککەوتن پێکبهێنێت.
لایەنی سێهەم، ئەندامە سەربەخۆکانی پەرلەمانن، داوای پێکهاتەیەکی سەربەخۆیان لێدەکەین کە لە 40 ئەندام کەمتر نەبێت و دوربێت لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە دەرفەتی خۆی وەرگرتووە. لەسەر سەربەخۆکانە بێنە ڕیزی گەورەترین هاوپەیمانێتییەوە تا حکومەتێکی سەربەخۆ پێکبهێنرێت و دواتر لە هەندێک وردەکارییەکان ئاگادار دەکرێنەوە و گەورەترین هاوپەیمانێتیش دەنگ بە حکومەتەکەی دەدات، بە ڕەوتی سەدر و کورد و سوننەکانی بەشێکن لەم هاوپەیمانێتییە و ڕەوتی سەدر بەشداری لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم حکومەتە نوێیەدا ناکات."
سەدر لە پەیامەکەیدا ڕایشیگەیاند "دەبێت ئەم کارە لە ماوەی 15 ڕۆژدا بەجێبگەیەنرێت تا بەخێرایی کۆتایی بە مەینەتییەکانی خەڵک بهێنرێت.
جارێکی تریش داواکانم ئاڕاستەی ئەوانە دەکەم کە هێشتاش بە باشیان دەزانین لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا تا پەیوەندی بکەن بە ڕەوتی سەدرەوە، بەو هیوایەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بخەنە سەرو بەرژەوەندییە تەسکەکانەوە و دەستبەرداری ناچارکردن ببن کە وەک دەڵێن بووەتە بنبەستی سیاسی. سوپاستان دەکەم."