Accessibility links

بێ ماڵی، گرفتێکی ئەو خێزانە کۆچبەرانەی تڕەمپ لە یەکی ترازاندن و بایدن بەیەک شادیکردنەوە


بۆ چەندین مانگ، ماریا هێرناندێز لە هۆندۆراس بیری لەوە دەکردەوە کە رۆژێک ژیانێکی سەقامگیر لەگەڵ دوو کچە لاوەکەیدا لە لۆس ئەنجلس بەسەر بەرێت. ئەو کچانەی کە ساڵی 2017 ئەفسەرانی ئەمەریکا لەسەر سنوور لێیان جیاکردەوە و دایکەکەیان ناردەوە وڵاتی باوباپیرانی و ڕێگەیاندا منداڵەکان لە ئەمەریکا بمێننەوە.

ئەمساڵ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن ڕێگەیدا دایکەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا و لەگەڵ منداڵەکانی بژی. بەڵام لە جیاتی ئەو ژیانە سەقامگیرە کە خەونی پێوە دەبینی، خۆی و منداڵەکانی ئەمڕۆ پەناگەیەک بێ پەنجەرە دەژین کە بۆ بێ ماڵەکان دروستکراوە دوو کاتژمێر بە پاس لە خوێندنگەکانی کچەکانییەوە دوورە.

بایدن لە مانگی یەکی 2021دا دەست بەکار بوو و بەڵێنی دا یارمەتی ئەو خێزانانە بدات کە هاوشێوەی خێزانی هێرناندێزن کە لە سنووری ئەمەریکا و مەکسیک لەلایەن بەڕێوبەرایەتی سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترامپەوە لەیەک جیاکرانەوە. بایدن لیژنەیەکی دروستکرد بۆ یەکخستنەوەی ئەندامانی ئەو خێزانانەی کە لە یەک جیاکراونەتەوە.

لەو 200 خێزانەی کە تا ئێستا حکومەتی ئەمەریکا بەیەک شادیکردونەتەوە و هێرناندێز و کچەکانیشی تیادایە، سێ لە سەر چواری ئەو خێزانانە گرفتی نیشتەجێبوونیان هەیە. ئەمەش بەپێی ئەو زانیاریانەی کە پێشتر لەلایەن دوو گروپەوە کۆکراوەتەوە کە هاوکاری ئەو خێزانانە دەکات: Together & Free and Seneca Family of Agencies.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە سەرچاوەی ئەم راپۆرتەیە دەڵێت نەیتوانیووە داتاکانی ناو راپۆرتەکە پشت ڕاستبکاتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەم پرسەی بە "ئەرکێکی ئەخلاقی" ناودێر کرد بۆ یەکخستنەوەی خێزانەکان و دەڵێت حکومەت لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کاردەکات بۆ دابینکردنی خانووبەرە بەپێی پێویستی و دابینکردنی پێداویستییەکانی دیکەش بۆیان. بەڵام لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی رووبەڕووی ئالەنگاری بوونەتەوە بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی.

بایدن داوای 20 ملیۆن دۆلاری کرد بۆ بەرێوەبردنی کارەکان لە بودجەی ساڵی دارایی 2023 کە لە 1 ی مانگی 10 ەوە دەستپێدەکات. ئاسایشی نیشتیمانی وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارێکی نەدایەوە سەبارەت بەو زانیاریانەی کە گروپەکانی بە دەنگەوەهاتن پێشکەشیان کردووە و دەریدەخەن چەندین خێزان بەیەک شادبوونەتەوە بەڵام گرفتی نیشتەجێبوونیان هەیە.

ئەو کۆچبەرانەی کە لەم دوایەدا بەیەک شادبوونەتەوە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون دەدەن. بەڵام پشتگیری حکومەت نایانگرێتەوە، هاوکات چالاکوانان دەڵێن ئەرکی حکومەتە یارمەتی نیشتەجێکردنی ئەو خێزانانە بدات کە بەهۆی ئەو شۆکە بەردەوامەوە لە یەک جیاکراونەتەوە کە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکاوە بووە کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەکەی پێشووەوە جێبەجێ کراوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG