Accessibility links

ئەڵمانیا پشتبەستن بە وزەی ڕووسیا کەم دەکاتەوە


ئەڵمانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕووسیا پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، گەورەترین گۆڕانکاری ستراتیژی لە ئابووری ئەوروپا لەوەتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا دەستی پێکردووە.

وەزارەتی ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئێستادا هاوردەی نەوتی ئەڵمانیا 12%و ئەم رێژەیەش بە بەراورد بە پێشووتر کە 35% بووە، دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.

هەروەها هاوردەکردنی خەڵوزی ئەڵمانیا لە ڕووسیاوە بە بەراورد بە پێشتر 8% دابەزیوە، کە لە ڕابردوودا بە ڕێژەی 45% بوو.

پشتبەستن بە گازی ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو هێشتا بەردەوامە، هەرچەندە گەورەترین ئابووری ئەوروپا بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ڕووسیای بۆ 35% دابەزاندوە، ئەمەش بە بەراورد بە پێشووتر کە 55% بووە.

حکومەتی ئەڵمانیا لە مانگی 3دا پلانەکانی بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە ڕاگەیاند و بە پێی ئەو پلانە بڕیارە تا مانگی 6 هاوردەکردنی نەوت بگەیەنێتە نیوە و تا وەرزی پایزیش کۆتایی بە هاوردەکردنی خەڵوز بهێنێت.

هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەڵمانیا بتوانێت تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 بە شێوەیەکی بەرچاوە پشتبەستنی خۆی بە گازی ڕووسیا کەم بکاتەوە.

پشت بەستنی گەورەترین ئابووری ئەوروپا بە وزەی ڕووسیا لە کاتێکدا هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان لە هەوڵی سەپاندنی زۆرترین سزادان بەسەر رووسیادا، دەتوانێت خاڵێکی لاواز بێت بۆ ڕۆژئاوا و ڕووسیاش کەڵکی لێ وەردەگرێت.

ئەڵمانیا لەوەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکردوە لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکدایە بۆ دابینکردنی وەزی پێویست بۆ وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG