Accessibility links

سەرۆک بایدن یادکردنەوەی جەژنی ڕەمەزان دەهێنێتەوە کۆشکی سپی


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە نەریتی یادکردنەوەی جەژنی ڕەمەزان لە کۆشکی سپی دەست پێدەکاتەوە کە لەسەردەمی ترەمپدا کۆتایی پێهێنرا. ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێوەبەرایەتی بایدن جەژنی رەمەزانی بەشێوەی ئۆنلانین کردەوە، بەڵام ئەمساڵ لە کۆشکی سپی لەگەڵ خانمی یەکەم جیڵ بایدن و جێگری سەرۆک کامەڵا هاریس و هاوسەرەکەی دەگ ئێمهۆف پێشوازی لە موسڵمانان دەکەن.

لە پەیامەکەیدا، بایدن پیرۆزبای جەژنی رەمەزانی لە موسڵمانانی ئەمەریکا و جیهان کرد و جەختیکردە سەر گرنگی یارمەتیدانی هەژاران و ئاوارەکان.

بایدن گوتی، "لە کاتێکدا موسڵمانانی ئەمەریکا و سەراپای جیهان کۆتای بە مانگی رەمەزان دەهێنن و یادی جەژنی رەمەزان دەکەنەوە، لەگەڵ جیڵ بایدن دا گەرمترین پیرۆزبایی لەوانە دەکەین کە یادی ئەم بۆنە پڕخۆشییە دەکەنەوە."

لە پەیامەکەی بایدندا نوسراوە "ئەمساڵیش کاتێک یادی جەژنی رەمەزان دەکەینەوە، دڵمان لای ملیۆنە کەسە کە لە ماڵی خۆیان دەکراون و ئاوارەبوون لە جیهان. ئەم پشووە پیرۆزە لە دووری خێزانەکانیان بەسەردەبەن و لە ئایندەیان دڵنیانین بەڵام هێشتا هیوایان بە سبەینێیەکی ڕووناکتر هەیە."

پێش ئەوەی ترەمپ بێتەسەر دەسەڵات، بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ، ساڵانە لە کۆشکی سپی یادی جەژنی رەمەزان دەکرایەوە. بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەم نەریتە بەردەوام بوون هەتا ترەمپ ساڵی 2017 کۆتای پێهێنا.

بایدن لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پەیامێکی ئاشتیخوازانەی ئیسلامدا و گوتی، "قورئانی پیرۆز داوا لە خەڵک دەکات کە بە توندی لە پێناو دادپەروەریدا بوەستن و ئەوەمان بە بیر دەهێنێتەوە کە ئێمە وەک نەتەوە و هۆز دروست بووین بۆ ئەوەی یەکتر بناسن. نەریتی ئازادی ئایینی بۆ هەمووان وڵاتەکەمان بەهێزتر دەکات و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکییەکان بە هەموو بیروباوەڕ و باگراوندێک بۆ پاراستن و قوڵکردنەوەی پابەندبوونی کۆمەڵەکەمان بەو بنەما بنچینەییە. ئەمساڵ نەریتی یادکردنەوەی جەژن لە کۆشکی سپی دەستپێدەکەینەوە و ڕێزلێنان لە ئەمەریکییە موسڵمانە بە تواناکان کە پێشەنگن لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی زیاتر و یەکڕیزی لە نێو گەلەکەماندا."

دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG