Accessibility links

مستەفا کازمی: کۆتایی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتی ڕکابەری هەرێمی ئێران و عەرەبستانی سعودیە نزیکبۆتەوە


سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا ئەلکازمی ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی کۆتایی چەند ساڵەی گرژی نێوان هەردوو ڕکابەری هەرێمی ئێران و عەرەبستانی سعودیە نزیکبۆتەوە.

عێراق دراوسێی هەردوو وڵاتی ڕکابەری هەرێمی ئێران و عەرەبستانی سعودییە، میوانداری پێنج گەڕی وتوێژەکانی کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان شانشینی عەرەبستانی سعودیە کە زۆرینەی سونە مەزهەب و ئێران کە زۆرینەی شیعە ئاینزان.

لە پاش بەڕێوەچوونی دوا کۆبوونەوەیان لە بەغدا، بەرپرسانی عێراق گەشبینی زیاتریان بۆ کۆبوونەوەکان نیشاندا و باسیان لە ئەنجامدانی دانیشتنی گەری شەشەم کرد کە بەم نزیکانە ئەنجام دەدرێت. ئاماژەیان بەوەش کرد ئەگەری هەیە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان کە ساڵی 2016 کۆتایی پێهات دەستپێبکاتەوە.

کازمی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلسەباح کە سەر بە حکومەتی سعودییە گوتی "براکانمان لە سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیارێتی گەورەوە مامەڵە لەگەڵ وتوێژکاندا دەکەن بەپێی ئەو دۆخەی لە ئێستادا لە هەرێمەکە پێویست دەکات.

دیپلۆماتکارانی عێراقی دەڵێن کازمی ئامادەی دوا کۆبوونەوەکە بووە. گوتیشی "ئێمە لەو بڕوایەداین ئاشتبوونەوە نزیکە، ئەمەش سوودی بۆ ئارامی هەرێمی هەیە."

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئەحمەد ئەلسحاف گوتویەتی وتوێژەکان بەردەوامن و ئەشێ ببێتە هۆی گەڕانەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماتی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە.

ئێران و شانشینی عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی لایەنی ڕکەبەری یەکتر دەکەن لە زۆرێک لەو شوێنانەی شەڕیان تێدایە لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەوانە لە یەمەن کە تاران پشتیوانی یاخیبووە حوسیەکان دەکات، ڕیازیش ڕابەرایەتی هاوپەیمانیەکی سەربازی دەکات کە پشتیوانی حکومەتی یەمەنە.

لە ساڵی 2016دا خۆپیشاندەران لە ئێران پەلاماری نێردراوانی سعودیەیاندا دوای ئەوەی شانشینەکە کەسایەتی ئاینی نمر ئەلنمری لەسێدارەدا.

وەک کاردانەوەیەک ڕیاز پەیوەندیەکانی لەگەڵ تاران پچڕاند.

XS
SM
MD
LG